هەر چەندە بڕیارە رۆژی 23ی مانگی داهاتوو یارییەكانی پاڵەوانێتیی نۆر وای كوپ لە وڵاتی نەرویژ دەست پێبكات بۆ هەڵبژاردەی لاوانی وڵاتان، هەڵبژاردەی كوردستانیش كە هەفتەی ڕابردوو بەرەو وڵاتی توركیا بەڕێكەوت بۆ چاوپێكەوتنی یاریزانان و بۆ پێدانی فیزا بە یاریزانان، بەڵام هەڵبژاردەی لاوانی كوردستان تەنیا چەند رۆژێك مەشقی كردووە و 23 یاریزانی دیاری كردووە بۆ بەشداریكردن لەم پاڵەوانێتییە، ڕاهێنەران و یاریزانانی ریزی هەڵبژاردەی كوردستان لەم بەشداریكردنەیان چاویان لەوەیە كە بتوانن ئەنجامێكی گەورە بەدەست بهینێن لە یارییەكانی پاڵەوانێتییەكە، لە بارەی ئامادەكارییەكانی هەڵبژاردەكەش ئەرسەلان جەلال بۆ گۆڤاری گوڵان وتی: «ئێمە لە نێوان 50 یاریزان تەنیا 23 یاریزانمان هێشتەوە، بەڵام ئەوەی كە ئێمەی تووشی گرفت كردبوو، ئەوەیە ژمارەیەك لە یاریزانان نەیانتوانی بێن ئامادەی مەشقەكان بن بەهۆی ئەوەی كە قوتابی پۆلی 12ی ئامادەیی بوون، بۆ دەستنیشانكردنی یاریزانانیش من وەكو ڕاهێنەر و دەستەی ڕاهێنەران خۆمان سەرجەم یاریزانانمان بە پێی ئاست و توانای خۆیان دیاری كردووە بۆ ریزی هەڵبژاردەكە، هیچ كەسێكیش دەستی لە كاروباری هونەری ئێمە وەرنەداوە و بە شێوەیەكی سەربەخۆ یاریزانانم هەڵبژاردووە، ئەوەشم بە هەموو لایەك راگەیاندووە كە من یاریزانان لەسەر بنەمای ئاست هەڵدەبژێرم، ئەوە پێوەرە لای من و هیچی تر پێوەر نییە بۆ ئەوەی سوود بە هەڵبژاردەی كوردستان بگەیەنین»، وتیشی: «لە وڵاتی توركیا بۆ چاوپێكەوتنمان لەگەڵ كونسلیەی وڵاتی نەرویژ بۆ پێدانی فیزا سەردانی ئەم وڵاتەكەمان كرد و شەش رۆژ ماینەوە، هەر چەندە ئەم مانگە ڕەمەزانە، بەڵام ئێمە دەبێت بەرنامەیەكی تۆكمەتر دابنێین بۆ ئەوەی مەشقەكانمان لەگەڵ ئەو مانگە بە شێوەیەكی باشتر ئەنجام بدەین و یاریزانانیش بە شێوەیەكی باشتر ئامادەبكەین». لە بارەی ئەنجامدانی یاریی دۆستانەش وتی: «ئەوەی ڕاستی بێت ئێمە بەنیازی ئەوەین چەند یارییەكی دۆستانە ئەنجام بدەین، هەر چەندە ڕەنگە لە مانگی ڕەمەزان كێشەمان بۆ دروست بێت، بەڵام دەبێت ئەو گرفتە چارەسەر بكەین و بەرنامەی تۆكمەمان داناوە بۆ ئەوەی بە باشترین شێوە ئامادەكارییەكانمان دەست پێبكەین». لە بارەی بوونی زانیاری لەسەر تیپە بەشداربووەكانیش، وتی: «زانیاریمان كۆكردۆتەوە لە رێگەی ئەو ڕاهێنەرانەی پێشووتر كاریان كردووە لەگەڵ هەڵبژاردەكە لە پاڵەوانیتیەكانی پێشوو ئێمە متمانەی تەواومان بە خۆمان هەیە كە دەتوانین ناوی كوردستان بە بەرزی ڕابگرین.