بینایی عوسمان: كچە یاریزانی تیپی فوتساڵی ئافرەتانی هەولێر بەردەوامیی ئێمە لە وەرزش بەهۆی پشتگیری خێزانەكانمانە

بینایی عوسمان: كچە یاریزانی تیپی فوتساڵی ئافرەتانی هەولێر بەردەوامیی ئێمە لە وەرزش بەهۆی پشتگیری خێزانەكانمانە
ديمانه/ كارزان كانەبي


سنووری پارێزگای سلێمانی هەمیشە خاوەنی یاریزانی بەتوانا بووە لە یارییە جۆراوجۆرەكان، یەكێك لە یاریزانە بەتواناكانی یاریی فوتساڵی شارەكەش كچە یاریزانی بەتوانا بینایی عوسمانە. ئەو ماوەیەك لە ریزی یانەی ئەفرۆدێتی شاری سلێمانی یاری كردووە، بەڵام دواتر ڕووی لە تاكە یانەكەی تایبەت بە ئافرەتان ئەویش تیپی فوتساڵی ئافرەتانی هەولێرەوە كردووە و لەگەڵ یانەكە چەندین ئەنجامی شایستەی بەدەست هێناوە، ئەمساڵیش هەوڵدەدەات ببێتە یاریزانێكی سەرەكیی تیپەكە لە خولەكانی كوردستان و عێراق بۆ كۆكردنەوەی نازناوەكان. بینایی لەدایكبووی ساڵی 1997ی شاری سلێمانی و قوتابی پەیمانگای وەرزشییە، ئەو هێشتا تەمەنی بچووكە، بەڵام كۆمەڵێك هیوای هەیە لە وەرزشكردن، ئێمەش لە نزیكەوە چەند پرسیارێكمان ئاڕاستەی كرد و بەمشێوەیە وەڵامی دایەوە.

*چۆن بوو لە یانەی پیرەمەگروونەوە پێوەندیت بە یانەی ئافرەتانی هەولێر كرد؟
- من لە ساڵی 2011 لە ریزی یانەی پیرەمەگروون بووم تاكو ساڵی 2014 بەردەوام بووم، بەڵام لە رێگەی مامۆستا مەزنەوە پێوەندیم بە ریزی یانەی ئافرەتانی هەولێرەوە كرد كە ئەوكات تیپەكە هەڵوەشابووەوە، زۆریش دڵخۆشم بە یاریكردن لە ریزی ئەم یانەیە.
* وەكو كچە وەرزشكارێك لە شاری سلێمانییەوە بۆ وەرزشكردن دێیتە هەولێر، ئایا ئەوە گرفتت بۆ دروست ناكات؟
- بەڵێ، ئەوە كێشەیەكی گەورەیە، بەڵام گرنگ ئەوەیە ئێمە وەرزشەكەمان خۆشدەوێ و بەردەوام دەبین لە بەدەستهێنانی ئەنجامی شایستە و بەرەو پێشبردنی ئاست و توانای خۆمان لەم یارییە، تاكو ئێستاش لە رووی هاتوچۆوە هیچ گرفتێكمان بۆ دروست نەبووە.
* لە ئێستادا ئاستی یاریی فوتساڵ چۆن دەبینی؟
- بەشێوەیەكی گشتی باشە لە چاو ساڵان، بەڵام ئەمساڵ بەهۆی گرفتی داراییەوە خولەكان دواكەوتوون، بۆیە بەهیوای ئەوەم زیاتر گرنگی بە یارییەكانی فوتساڵ بدرێت لە شارەكانی كوردستان، چونكە دەتوانین لە رێگەی ئەم یارییەوە دەستكەوتی زۆر بۆ كوردستان دەستەبەر بكەین.
*خێزانەكانتان هاوكاریتان دەكەن وەكو پێویست بۆ بەردەوامبوون لە وەرزش بەتایبەت كە ئێوە دوورن لە شارەكەی خۆتان؟
-بە سوپاسەوە بەردەوامیی ئێمە لە پشتگیریی خێزانەكانمانە، ئەوان هۆكار بوون بۆ ئەوەی ئێمە بتوانین بێینە شاری هەولێر و لە یانەیەكی تری كوردستان خزمەت بە وەرزش و خۆمان بكەین، هیچ كات ئەوان نەبوونە گرفت بۆ ئێمەو تەنیا پشتیوانمان بوون.
* جگە لە فوتساڵ چ یارییەكی تری ئەنجام دەدەی؟
- بە پلە یەك یاریی فوتساڵ كاری منە، بەڵام بە حوكمی ئەوەی من قوتابی پەیمانگای وەرزشیم، بۆیە یارییەكانی تریش ئەنجام دەدەم، بەڵام لە فوستاڵ سەركەوتووترم.
*گرفتی ئێوە لە یاریی فوتساڵ لە چیدایە؟
- ئەوەی ڕاستی بێت دەمەوێ سوپاسی دەستەی كارگێڕیی یانەكەمان و ڕاهێنەرەكەمان بكەم، كە بەردەوام هاوكاری ئێمە بوون. ئەوان رێگەیان نەداوە گرفتمان بۆ دروست بێت، لە یانەكەشمان هیچ گرفتێكی ئەوهامان نییە شایەنی قسە كردن بێت، چونكە ئەوان بە دڵسۆزی خزمەتی وەرزش دەكەن.
*هیواو ئاواتت وەكو كچە وەرزشكارێك چیە؟
- بەهیوای ئەوەم بتوانم ئەمساڵ ببمە گۆڵكاری هەردوو خولی كوردستان و عێراق، ئەوە هیوای منە لە ئێستا و لە داهاتووشدا خەونی زیاترم هەیە.
*وەكو كچە یاریزانێكی كورد لە ریزی هەڵبژاردەی عێراقی داواكراوی؟
-بەڵێ، بەهیوای ئەوەم لەگەڵ هەڵبژاردەی عێراقیش ئاستی شایستە پێشكەش بكەم.
* لە جیهاندا بە چ یاریزانێكی تۆپی پێ سەرسامی؟
- بە هەریەك لە یاریزانان لیۆنێل میسی و ئیبراهیمۆڤیچ و پۆل پۆگبا .
* حەز دەكەی بگەی بە ئاستی چ یاریزانێكی جیهانی؟
- ئەگەر بەحەزی من بێت دەمەوێ بگەمە ئاستی یاریزانی ئەرجەنتینی میسی .
* حەز دەكەی هەڵبژاردەی كوردستان لە یاریی تۆپی پێ بۆ كچانیش دابمەزرێ ؟
- پەنا بەخوا ئەو هیوا و خەونی منە كە بتوانم بە ئاڵای كوردستان لە یەكێك لە پاڵەوانیتیەكانی جیهانی بۆ هەڵبژاردەی وڵاتەكەم یار بكەم.
* داواكاریت بۆ لایەنی بەرپرس چییە؟
-بەهیوای ئەوەم ئەوان زیاتر گرنگیی بە تواناكانی كچان بدەن، خولی بەردەوامیان بۆ بكەنەوە بۆ ئەوەی زیاتر گرنگی بە تواناكانی خۆیان بدەن، نەك ساڵانە تەنیا یەك خول بێت و تەواو.
*لە كۆتاییدا دەتەوێ باسی چی بكەی؟
- بەهیوای ئەوەم زیاتر گرنگیی بەتواناكانی كچانی كوردستان بدرێت و خزمەتی بەردەوامیان بكرێت، راگەیاندنەكانیش بەردەوام هاوكاریان بن.
Top