كۆڤان: بەهیوای تۆماركردنی ژمارەی زیاترم

كۆڤان:  بەهیوای تۆماركردنی ژمارەی زیاترم
كۆڤان حەسەن كوڕە یاریزانی كوردی خاوەن پێداویستی تایبەت، هاوشانی هەڵبژاردەی عێراقی بەشداری بە دوو پاڵەوانێتیی نێودەوڵەتی لە هەردوو وڵاتی چیك و قەتەر دەكات، لە ئێستاشدا كۆڤان سورچی خەریكی ئامادەكارییە بۆ ئەوەی بتوانێ لەم پاڵەوانێتییانەدا ئەنجامێكی دڵخۆشكەر بەدەستبهێنێت و درێژە بەتۆماركردنی ژمارە پێوانەییەكان بدات لەسەر ئاستی جیهان، لە بارەی ئامادەكارییەكانیش كۆڤان حەسەن بۆ گۆڤاری گوڵان وتی: لە ئێستادا من رۆژانە لەسەر دەستی ڕاهێنەری تایبەتی خۆم سەرقاڵی ئامادەكارییەكانم بۆ ئەوەی بتوانم باشترین ئەنجام بەدەست بهێنم لە هەردو پاڵەوانێتیی چیك و قەتەر كە بڕیارە لە هەردوو مانگی 8و 10ی داهاتوو بەڕێوە بچن، من لەگەڵ شاندی هەڵبژاردەی عێراق خەریكی ئامادەكارییەكان دەبم و تاكە یاریزانی كوردیشم لە ریزی هەڵبژاردەی عێراق كە یارییەكانی تایبەت بە یاریزانانی خاوەن پێداویستی تایبەت ئەنجام دەدەم. سوپاس بۆ خوای گەورە هیچ گرفتێكم نییە، ئەمساڵیش وەكو هەموو ساڵەكان بە هیواوە رۆژانە مەشق ئەنجام دەدەم، چونكە هەردوو پاڵەوانێتی لەسەر ئاستی جیهانییە و منیش دەمەوێ وەكو كوڕە كوردێك ئەوە بسەلمێنم كە تاكە یاریزانی كوردم لە ریزی هەڵبژاردەی عێراقی دەتوانم ئاست و ئەنجامی شایستە بەدەست بهێنم و ژمارەی پێوانیەیی بە ناوی خۆم تۆماربكەم، بەڵێنیش دەدەم ئەو ژمارە پێوانەییەش بۆ خۆم و كوردستان بەدەست بهێنم، هیچ گرفتێكم نییە و ڕاهێنەری خۆیشم زۆر هاوكاریم دەكات بۆ ئەوەی لە هەموو روویەكەوە ئامادە بم».
جێگای ئاماژە پێكردنە كۆڤان تا ئێستا زیاتر لە 100مەدالیای جۆراوجۆری لە پاڵەوانێتیەكان لەسەر ئاستی وڵاتانی جیهانی و عەرەبی بەدەست هێناوە .
Top