دوای ئەوەی ئەم وەزرە یانەی شەقڵاوە بەشداری لە خولی یانە پلە دووەكانی كوردستانی كرد، بەڵام ئەوەی جێگای پرسیارە، ئەوەیە كە یانەكە نەیتوانی ئاست و ئەنجامی شایستە پێشكەش بكات لە خولەكە تەنیا هیوای ئەوەی پێبڕا كە لە خولەكەدا بمێنێتەوە بۆ وەرزی داهاتوو، چونكە لە كۆی هەشت یاری تەنیا 7خاڵی بەدەست هێناو لە كۆی سەرجەم یارییەكانیش تەنیا یەك یاری براوە بووە و لە 4یاریش بە یەكسان بوونی كۆتایی هاتووە، هۆكاری ئەنجامی خراپی ئاستی تیپەكەش بۆ ئەو قەیرانە داراییە دەگەڕێتەوە و كێشەی داراییش لە ئێستادا سەرتاپای جومگەكانی گرتۆتەوە و وەرزشیش بێبەش نەبووە لەم قەیرانە، لە ئێستاشدا یانەی شەقڵاوە بڕی زیاتر لە 700ملیۆن دینار قەرزارە، ئەوەش رێژەیەكی زۆرە كە لەسەر یانەكە كۆبۆتەوە. هەر لەم بارەیەوە فەرهاد خەیات سەرۆكی یانەی وەرزشی شەقڵاوە بۆ گۆڤاری گوڵان وتی: ئەوەی ڕاستی بێت ئێمە دووچاری گرفتێكی سەختی دارایی بووین و باری داراییمان قورس بووە، چونكە لە ئێستادا ئێمە زیاتر لە 700ملیۆن دینار قەرزاری یاریزانان و ڕاهێنەر و هۆتێل و چێشتەخانەكانین، سەرجەم ئەو بڕە پارەیەش من سەرفم كردووە و پارەمان لە خەڵكی وەرگرتووە و لە ئێستاشدا هیچ بڕە پارەیەكمان نەداوەتەوە بەو خەڵكە». لە بارەی خراپیی ئاستی تیپەكەشیان فەرهاد وتی: «ئەمە بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە كە ئێمە مانگانە بڕی 7ملیۆن دینارمان لەو تیپە سەرف كردووە و نەبوونی یاریگای پێویست و سەرنەكەوتنی تیپەكەمان لە یاریگاكان ئەوانە هۆكار بوون كە ئێمە سەرنەكەوین بۆ خولی پلە یەكی یانەكانی كوردستان، ئەم قەرزارییەی ئێمەش هی سەرجەم تیپە جۆراوجۆرەكانی یانەكەمانە، بەڵام تیپی بالەی یانەكەمان پشكی شێری بەردەكەوێت لەم قەرزە، چونكە یاریمان زۆر بووە و یاریزانی زۆریشمان هەبووە، بەهیوای ئەوەین ئەم قەیرانە داراییە چارەسەربێت، بۆ ئەوەی ئێمەش هەوڵبدەین چارەسەری گرفتەكەمان بكەین.
فۆتۆ/ تەلعەت نوری