گۆڵبۆلی یانەی رۆژ مەشقەکانیان ڕاگرتووە

گۆڵبۆلی یانەی رۆژ مەشقەکانیان ڕاگرتووە
کارزان کانەبی
دوای ئەوەی نزیکەی سالێک دەبێت گرفتە داراییەکانی ھەرێمی کوردستان و حکومەتی ناوەندی درێژە ھەیە و قەیرانی دارایش ھەموو جومگەکانی گرتووە و وەرزشیش بەشێک بووە لەوەی کە بەردە نەبووە لەم قەیرانە ، لە ئێستاشدا زۆربەی تیپە وەرزشیە جۆراوجۆرەکان مەشقەکانیان ڕاگرتووە تەنیا بۆ ئەنجامدانی چاڵاکییەکان خۆیان ئامادەن دەکەن و مەشقەکانیشیان ڕاگرتووە ، تیپی گۆڵبۆلی یانەی وەرزشی رۆژی شاری سلێمانی کە تایبەتە بە یارییەکانی خاوەن پێداویستی تایبەت ماوەیەکی زۆرە مەشقەکانی ڕاگرتووە و تاکو ئێستا ھیچ کەسێک ھاوکاری یانەکەی نەکردوە بۆ ئەوەی مەشقەکانیان ئەنجام بدەن، لە بارەی ڕاگرتنی مەشقەکانیان نەبەز عەلی ڕاھێنەری تیپی گۆڵبۆلی یانەی رۆژ گوتی: ئێمە وەکو تیپی گۆڵ بۆڵ بۆ نابینایان لە ھەردوو ئاستی کچان و کوڕان ماوەیەکی زۆرە مەشقەکانمان ڕاگرتووە بەھۆی ئەم قەیرانە داراییە کە دووچاری ھەرێم ھاتووە، ئێمە دەتوانین مەشقەکانمان دەست پێبکەینەوە، بەڵام کە بودجەی پێویست نەبێت چۆن بتوانین یاریزانان کۆبکەینەوە بۆ ئەوەی مەشقەکان ئەنجام بدەین، جگە لەوەش یاریزانانی ئێمە ھەمووی نابینان بۆیە ھات و چۆیان زەحمەتە دەبێت تەنیا بە ئۆتۆمبێل ھات و چۆبکەن ئەوەشمان نییە بۆیە گرفتمان بۆدروست دەبێت، جگە لەوەش یاریزانانی ئێمە داوای مافەکانیان دەکەن لەبەرامبەر ئەنجامدانی مەشقەکانیان بۆیە ئێمە ناتوانین ھیچ شتێکیان بۆدابین بکەین، ئەوانیش بە ئێمەیان گوتووە ئەگەر ھاوکاریی نەکرێن ناتوانن ئامادەیی مەشقەکانیان بن، ھەر چەندە ئێمە گۆڕانکاریشمان لە ریزی یاریزانان کردوە و چەندین یاریزانی تازەمان ھێناوەتە تیپەکە بۆ ئەوەی زیاتر گرنگی بە تیپەکە بدەن، بەڵام ئێمە کە ھیچ پاڵەوانێتیە نەبێت بۆ یاریزانانی خۆمان کەواتە ھیچ سودێکی نابێت ئەگەر مەشقیش بەردەوام بێت، بۆیە داواکارین لە لایەنی بەرپرس ھاوکاری ئێمە بکەن بۆ ئەوەی زیاتر خزمەت بە وەرزشی خاوەن پێداویستی تایبەت بکەین لە یانەکەمان.
Top