لەگەڵ ئەوەی ماوەی زیاتر لە پێنج مانگە هیچ پاڵەوانێتییەك لەلایەن یەكێتیی ناوەندیی تۆپی دەستی كوردستان ئەنجام نەدراوە، ئەوەش یاریزانانی تیپ و یانەكانی نیگەران كردووە لە ئەنجامنەدانی پاڵەوانێتی بە هۆی ئەو بارودۆخە داراییەی كە رووی لە هەرێمی كوردستان كردووە، جگە لەوەش حكومەتی هەرێم لە رێگەی وەزارەتی داراییەوە بڕیاری بڕینی مینحەی سەرجەم یانەكانی داوە، بۆیە لە ئێستادا یەكێتی تۆپی دەستی كوردستان لە چاوەڕوانی ئەوەن كە بڕە پارەكەیان بگەڕێتەوە لەلایەن حكومەت و لێژنەی ئۆڵۆمپی كوردستان بۆ ئەوەی دەست بە ئەنجامدانی چالاكییەكان بكەنەوە. لەبارەی ئەنجامنەدانی چالاكییەكانیش سەركەوت موحسین سكرتێری یەكێتیی ناوەندیی تۆپی پێی كوردستان بۆ گۆڤاری گوڵان وتی: «لە ئێستادا ئێمە ئامادەكاریمان تێدایە بۆ ئەوەی پاڵەوانێتیی تۆپی دەستی یانەكانی كوردستان بەڕێوەببەین، بەڵام كە پارە نەبێت، ناتوانین هیچ كارێك ئەنجام بدەین، بۆیە لە ئێستادا ئێمە لە چاوەڕوانی ئەوەین بڕە پارەیەكمان لە لێژنەی ئۆڵۆمپی هەرێمی كوردستان پێ بدرێت كە ئێستا بودجەی ئەوانیش بە تەواوی بڕاوە، لێژنەی ئۆڵۆمپیش لە هەوڵی ئەوەیە پارەكە بگەڕێنێتەوە، بۆیە هەر كات پارە گەیشت، ئێمەش دەست بە كردنەوەی خول و ئەنجامدانی پاڵەوانێتییەكان دەكەین، ئەمساڵیش بەهۆی ئەم قەیرانە داراییە تاكو ئێستا نەمانتوانیوە یەك پاڵەوانێتیش ئەنجام بدەین.» لە بارەی سەفەركردنی تیپی تۆپی دەستی ئافرەتانی هەولێریش سەركەوت وتی: «ڕاستە ئێمە پێشووتریش تییپكی كچانمان بردە وڵاتی كوێت لەسەر مەسرووفاتی یەكێتیی تۆپی دەستی كوێت بوو، سوپاسی سەرۆكی یەكێتیی تۆپی دەستی كوردستانیش دەكەین كە هاوكارییەكی باشی ئەم تیپەی كرد، جگە لەوە هیچی ترمان نەبووە كە ئەمساڵ بەشدار بین، بۆ پێنج مانگیش دەچێت تیپەكان پاڵەوانێتییان نەبووە، ئەوەش ماوەیەكی زۆرە.»