رۆژگار زرار لەچەند یانەی ئەوروپی گرێبەستی پێشكەش دەكرێ

رۆژگار زرار لەچەند یانەی ئەوروپی  گرێبەستی پێشكەش دەكرێ
دوای پێشكەشكردنی ئەو ئاستە بەرزەی لە خولی یانە پلە سێیەكانی وڵاتی نەمسا لەگەڵ یانەی (FavAC M) رۆژگار زرار كوڕە كوردی ئەستێرەی یانەكە لە ئێستادا بە هۆی بەرزیی ئاستی یاریكردنی چەندین گرێبەستی لە یانەكانی وڵاتی نەمسا و توركیا پێشكەش كراوە، لە هەمان كاتیشدا یانەكەی خۆی داوای نوێكردنەوەی گرێبەستەكەی لێ كردووە بۆ ئەوەی وەرزی داهاتووش لە خولی نەمسا یاری بۆ یانەكەی بكات، بەڵام رۆژگار تاكو ئێستا بڕیاری كۆتایی لەسەر چارەنووسی خۆی نەداوە كە ئایا چ بڕیارێك دەدات. لەم بارەشەوە رۆژگار زرار بۆ گۆڤاری گوڵان گوتی: «من ئەم وەرزە لە ریزی یانەی (FavAC M) لە خولی پلە سێی نەمسا یاریم كردووە، لە خولەكەش ئاستی باشم پێشكەش كردووە، بۆیە یانەكەم داوای نوێكردنەوەی یاریكردنیان لێ كردووم، بۆ ئەوەی وەرزێكی تریش لەگەڵیان بەردەوام بم، جگە لەوەش پێنج گرێبەستم بۆ هاتووە لە هەریەك لە یانەكانی (Simmering Wiener linie Elektra Wienerberg Ostbahn xl)لە خولی نەمسایە و لە خولی پلە دووی وڵاتی توركیاش لە یانەی (Bucaspor) پێشنیاری گرێبەستم بۆ هاتووە كە كۆی ئەو گرێبەستانە شەش گرێبەستە، سەرجەم گرێبەستەكانیشم ڕاگرتووە و ئەوەم پێیان راگەیاندووە كە من جارێك لە كاتی بیركردنەوەم و هیچ بڕیارێكم لەسەر چارەنووسی خۆم نەداوە». لە بارەی هاتنەوەشی بۆ كوردستان و یاریكردنی بۆ یانەیەكی كوردستان، رۆژگار گوتی: «ئەگەر گرێبەستێكی باشترم بۆ بێت لەم گرێبەستانەی وڵاتی نەمسا و توركیا بۆم هاتووە زۆر ئاساییە كە بێمە كوردستان و یاری بۆ یانەیەكی وڵاتەكەم بكەم، منیش حەز دەكەم لە كوردستان یاری بكەم، بەڵام كە گرێبەستێكی باش نەبێت، ئەو كات من بیر لە شوێنی تر دەكەمەوە، خولەكانی ئەوروپاش هەمووی خولی بەهێزن و یاریزانان حەز دەكەن ئاستی بەرز پێشكەش بكەن و خۆیان لە خولەكانی تر بدۆزنەوە، بەهیوای ئەوەشم بتوانم وەكو كوڕە كوردێك باشترین ئاست پێشكەش بكەم و ناوی خۆم و كوردستانیش بەرز بكەمەوە.
Top