سەفین ئیدریس: یاریزانی وشوكۆنفۆی یانەی پێشمەرگە تەنیا بە ناوی كوردستان لە پاڵەوانێتییەكان بەشداری دەكەم
دیمانە: كارزان كانەبی
* چۆن ئەم یارییەت هەڵبژارد؟
- هەر مرۆڤێك هیوا و خولیایەكی تایبەت بە خۆی هەیە، منیش وەكو هەموو كەسێك لە منداڵییەوە خولیام بۆ یاری وشوكۆنفۆ هەبووە، ئەوەش وای لێ كردم كە ببمە یاریزانی ئەم یارییە.
* كێ بەهرەی تۆی دۆزییەوە و زیاتر كی هانیداویت؟
- باوكی خۆشەویستم و ڕاهێنەرەكەم مامۆستا ئەحمەد ئیبراهیم زۆر هاندەری من بوون بۆ ئەوەی من لەم یارییە زیاتر دەربكەوم.
* پێتوایە ئاستی ئەم یارییە لە كوردستان لە چ ئاستێكە؟
- بە بڕوای من لە كوردستان یاریزانی زۆر باشی تێدایە، بەڵام هیچ كەسێك نییە پەرەیان پێبدات، بۆ ئەوەی لە كوردستانیش زیاتر ئەم یارییە بەرەوپێش ببەن، پێویستە گرنگی باشتری پێبدەن بۆ ئەوەی ئەم یارییە زیاتر بەرەو پێش بچێت.
* هەست ناكەی ئێستا یاریزانان كەم روو لەم یارییە شەڕانگیزانە دەكەن؟
- بە پێچەوانەوە ئێمە لەم یارییە فێری شەڕ دەبین تاكو شەڕ نەكەین، فێری وەفاداری و دڵسۆزی و خۆشەویستی دەبین.
* بۆچی لەگەڵ یانەی ئارارات بەردەوام نەبووی رووت لە یانەی پێشمەرگە كرد؟
- ئەوەی ڕاستی بێت، یانەی ئارارات وەكو پێویست نەیتوانی یارمەتی ئێمە بدات، بۆ ئەوەی زیاتر پەرە بە ئاستی خۆم بدەم، بۆیە لە بری ئەوان یانەی پێشمەرگەی هەولێرم هەڵبژارد بۆ ئەوەی زیاتر بەرەو پێش بچین لەم یارییە.
* گرفتی ئێوە لەم یارییە چییە؟
- گرفتی ئێمە ئەوەیە لە كوردستان وەكو پێویست گرنگی بەم جۆرە یارییانە نادرێت، سەرەڕای ئەوەی یاریزانی زۆر باش و بەتوانای تێدایە و ئەنجامی باشیان هەیە لە ساڵی 2014 من وەكو یاریزانی هەڵبژاردەی هەولێر بەشداری پاڵەوانێتیی بەلقانی ئەوروپام كرد و زۆربەی یاریزانەكانیش پلەی یەكەممان بەدەست هێنا كە 11وڵات بەشداربوون، بەڵام كە ئێمە هاتینەوە كوردستان كەس پێشوازی لێ نەكردین بۆ ئەوەی سوپاس و دەستخۆشیمان لێ بكات بۆ ئەم ئەنجام و دەستكەوتە گەورەیەی كە بۆ كوردستانمان بەدەست هێنا.
* بۆ ئەوەی ئاستی ئەم یارییە زیاتر بەرەو پێش بچێت پێت باشە چی بكرێت؟
- من وەكو یاریزانێك پێم باشە زیاتر پەرە بەم جۆرە یارییانە بدرێت، بۆ ئەوەی زیاتر بەرەو پێش بچێت زیاتر یاریزانان بەشداری پێبكەن لە پاڵەوانێتییە جیهانی و نێودەوڵەتییەكان بە ئاڵای كوردستانەوە بەشداربن، جگە لەوەش قوتابخانەی پێگەیاندنی ئەم یارییە بكرێتەوە لە شارەكان و هۆڵیان بۆ دابین بكرێت.
* لە هەڵبژاردەی عێراق داواكراوی؟
- من هیچ كاتێك لەگەڵ هەڵبژاردەی عێراق نەبووم و هیچ كاتیش ئامادە نیم لەگەڵ هەڵبژاردەی عێراق یاری بكەم، چونكە من كوردم تەنیا بە ناوی كوردستان بەشداری پاڵەوانێتییەكانم كردووەو ئامادەشم تەنیا بە ناوی كوردستان بەشداری بكەم.
* وەكو یاریزانێك هیواو ئاواتت چییە ؟
- هیوا و ئاواتم ئەوەیە بەشداری پاڵەوانێتیی جیهان بكەم بە ئاڵای كوردستانەوە بە ناوی كوردستان و ئەنجامێكی شایستەش بەدەست بهێنم.
* بەرنامەت بۆ داهاتووت چییە؟
- لە ئێستادا بەرنامەی من ئەوەیە زیاتر بەشداری پاڵەوانێتییەكان بكەم و خۆیشم ئامادە دەكەم بۆ پاڵەوانێتیی زیاتر.
* باشترین ئەنجامەكانت وەكو یاریزان چی بوون؟
- لە پاڵەوانێتیی پارێزگای هەولێر پلەی یەكەمم بەدەست هێناوە، لەسەر ئاستی كوردستانیش هەر پلەی یەكەمم بەدەستهێناوە، لە پاڵەوانێتییەكی جیهانی لە توركیا پلەی یەكەمم بەدەست هێنا، لە بەلقانی ئەوروپاش پلەی یەكەمم بەدەستهێناوە.
* بۆ زیاتر بەرەو پێشبردنی ئەم یارییە داواكاریت بۆ لایەنی بەرپرس چییە؟
- داواكاریم بۆ لایەنی بەرپرس ئەوەیە زیاتر گرنگی بەم یارییە بدەن، دەستخۆشی لەم یاریزانانە بكەن كە بەشداری پاڵەوانێتییەكانی ناوخۆ و دەرەوە دەكەن بۆ ئەوەی یاریزانەكان زیاتر بۆ ئەم یارییانە هان بدەن.
* بە چ یاریزانێكی جیهانی زۆر سەرسامی؟
- یاریزانی جیهانی بروسلی كە ئێستا لە ژیان نەماوە یەكێكە لە ئەستێرە ناودارەكانی جیهان.
*ئەگەر لە كۆتاییدا شتێكت مابێت؟
- بەهیوای ئەوەم زیاتر گرنگی بە یاریزانانی یارییە تاكەكان بدرێت لە كوردستان و ئێوەش وەكو راگەیاندنكار زیاتر خزمەتی یارییە تاكەكان بكەن.
