یانەی خانزاد قوتابخانەیەك بۆ پێگەیاندنی یاریزانانی شەترەنج

یانەی خانزاد قوتابخانەیەك بۆ پێگەیاندنی یاریزانانی شەترەنج
تیپی وەرزشیی شەترەنجی یانەی خانزاد یەكێكە لەو یانانەی كە ماوەیەكی زۆرە لە شاری هەولێر لە خزمەتكردنی ئەم یارییە و پێگەیاندنی سەدان یاریزان بۆ شارەكە جێی پەنجەیان دیارە، ئەمساڵیش جیا لە ساڵان یانەكە سەرەڕای نەبوونی توانای دارایی باش و كەمیی بودجە، لە ئەنجامدانی پاڵەوانێتییەكان و بەشداریكردنیان بەردەوام بووە. یانەی خانزاد چەندین تیپی جۆراوجۆری هەیە لە ئاستە جیاوازەكان لە كوڕان و كچان و بە هێنانی راهێنەرانی بیانی بۆ یانەكەش ئاستی یانەكە زیاتر بەرز بۆتەوە و لە پاڵەوانێتیەكان لەسەر ئاستی عێراق و كوردستان و عەرەبیش كێبڕكێی باشتر دەكەن. ئێمەش لە نزیكەوە ئەم راپۆرتەمان بۆ گۆڤاری گوڵان ئەنجامدا، یاریزانان و سەرۆكی یانەكەش بۆ گۆڤاری گوڵان بەمشێوەیە قسەیان كرد.

راپۆرتی: كارزان كانەبی

شەنگە مەسعود كچە یاریزانی پاڵەوانی پاڵەوانێتییەكانی یانەی خانزاد بۆ گۆڤاری گوڵان گوتی: «لە ئێستادا ئاستی یاریی شەترەنج زۆر بەرز بۆتەوە و یارییەكە لە پێشووتر ئاستی باشترە. ئەنجامدانی پاڵەوانێتیی بەردەوام بۆ یاریزانان لە ناوخۆ و دەرەوە، ئەوەش هۆكار بووە بۆ بەرزبوونەوەی ئاستی یارییەكە. ئێمە وەكو یاریزانانی كچیش ئەگەر بمانەوێ ئاستمان زیاتر بەرەو پێش بچێت، دەبێت خانەوادەكانمان زیاتر پشتگیرمان بكەن. ئەوەش لای هەموومان ئاشكرایە كەوا یانەی وەرزشیی خانزاد هاوكارێكی باشی یاریزانانە لە گشت روویەكەوە، بەتایبەتی لەدابینكردنی راهێنەر بۆ یانەكەمان، ئەوەش نیشانەی ئەوەیە كە گرنگی بە یاریزانان دەدەن».
دیدار محەمەد یاریزانی هەمان یانەیە و ئەویش بۆ گۆڤاری گوڵان گوتی: «لە شاری هەولێر بەم دواییە ئاستی یاریی شەترەنج بەرەو پێشكەوتنی باش رۆیشتووە، ئەمەش ئەوە دەگەیەنێ كە دەستەی كارگێڕیی یانەی خانزاد هەوڵی پێشخستنی یارییەكە و ئاستی یاریزانانی یانەكەیان داوە، تا لە ئاستێكی باشتر بن. هەر بۆیە راهێنەرێكی بە رەگەز جۆرجییان هێناوەتە یانەكە، ئەوەیش رۆڵێكی باشی لەگەڵ راهێنەرە كوردەكان بینیوە و هەموویان خزمەت بە وەرزشی شەترەنج لە شاری هەولێر دەكەن. خانەوادەی یاریزانەكانیش هاندەری ئەم یارییەن و ئەوەش رۆڵی زۆری هەیە».
لەلای خۆیەوە دڵزار حمە ساڵح سەرۆكی یانەی وەرزشی شەترەنجی خانزاد، بۆ گۆڤاری گوڵان گوتی: «ئاستی یاریی شەترەنج لە رووی هونەرییەوە لە یانەی خانزاد پێشكەوتنی باشی بە خۆیەوە بینیوە، نموونەش لەسەر ئەم پێشكەوتنە پێش دوو ساڵ تەنیا یەك دوو تیپ لە یانەی خانزاد هەبوو، بەڵام ئێستا یازدە تیپمان هەیە لە یانەكە لە تیپەكانی پێشكەوتووان و لاوان و تازە پێگەیشتووان و بەچكە شێران و تیپی دێرینەكان لە هەردوو ئاستی كوڕان و كچان لە هەموو ئاست و تەمەنێك لە كوڕان و كچان یاریزانانمان هەیە و لە تەمەنی 4ساڵییەوە دەست پێدەكات. جگە لەوەش راهێنەری جۆراوجۆرمان هەیە وەك جۆرج خومریكی كە راهێنەرێكی نێودەوڵەتی جۆرجییە و تایبەتە بە ئاستی تازە پێگەیشتووان و لاوان، راهێنەری نێودەوڵەتی ساتیع حوسەری كە لە وڵاتی هەنگاریا دێت بۆ ئەنجامدانی راهێنان بە یاریزانان و هەروەها بە هاوكاری راهێنەری نێودەوڵەتی تارلیف كونستانتینی ئۆكرانی، بەرنامەیەكی راهێنانی تایبەت بە شەترەنجمان بۆ یانەكە هێناوە كە قوتابخانەیەكی رووسییە كە تواناكانی یاریزانان زۆر پێش دەخات. دەتوانین بڵێین یانەی خانزاد رۆڵی قوتابخانەیەكی شەترەنج دەبینێت و ژمارەیەك خولی جۆراوجۆریشمان لە قوتابخانە و زانكۆكان ئەنجامداوە. جگە لەوەش پەرتووك و سەرچاوەی گرنگی شەترەنجمان وەرگێڕاوەتە سەر زمانی كوردی كە حەفت پەرتووك دەبێت و هەریەكەو بە تیراژەی 1500 دانەمان لێ چاپ كردووە».
دڵزار كێشەكانی یانەكەیانی زیاتر بۆ «كێشەی دارایی» گەڕاندەوە و هەر لەو بارەیەوە گوتی:«كێشەی دارایی، كێشەیەكی گشتییە لە هەرێمی كوردستان و ئێمەشی گرتۆتەوە». لە بارەی پەیداكردنی سپۆنسەریش بۆ یانەكە گوتی: «هەوڵمان داوە سپۆنسەر پەیدا بكەین، چونكە یانەكەمان قەرزێكی زۆری لەسەرە هی ئەم دوو ساڵەی دوایی، هەرچەندە ناكرێت پارە رێگربێت لە بەرامبەر بەرنامەكانمان بۆ پێشخستنی یارییەكە، بەڵام زۆریش كاریگەری هەبووە»، گوتیشی: «بەرنامەی داهاتووی ئێمە بەشداریكردن دەبێت لە پاڵەوانێتی یانەكانی رۆژئاوایی ئاسیا كە بڕیارە لە وڵاتی ئوردن لە مانگی ئابی داهاتوو بەڕێوەبچێت، یانەكەمان وەكو نوێنەری یانەكانی عێراق بەشدار دەبێت لەم پاڵەوانێتییە و داوەتنامەشمان بۆ هاتووە، لە وڵاتی بولگاریاش بەشدار دەبین لە مانگی حوزەیرانی داهاتوو كە ئەمەش پەیوەست دەبێت بە باری دارایی یانەكەمان بۆ ئەوكات».
چیا حەمید یاریزانی یانەی خانزاد، لە سەرەتا قسەكانیدا بۆ گۆڤاری گوڵان باسی ئەوەی كرد كە لە ئێستادا ئاستی یاریی شەترەنج لە قۆناغی زێڕینە لە كوردستان و یانەی خانزاد و پەیمانگەی كازابلانكا خزمەتی زۆریان بە یاریی شەترەنج لە هەولێر كردووە، گوتیشی: «بەڕێوەبەرانی یانەكەمان گرنگیی باش بە یاریزانان دەدەن و لە زۆر پاڵەوانێتی بەشداریمان پێدەكەن، جگە لەوەش دابینكردنی راهێنەرانی بەتوانا بۆ یانەكەمان، رۆڵی بەرچاوی لە بەرزكردنەوەی ئاستی یارییەكە هەبووە. ئەوانەش هەمووی هۆكارە بۆ پێشكەوتنی ئاستی ئێمە، بۆیە داواكارین لەلایەنی بەرپرس بۆ بەردەوامبوون و كاری باشتر هاوكاریی ماددیی یانەكە بكەن.»
Top