ئەم وەزرە ئاستی یانەی كەركووك لە یارییەكانی قۆناغی دووەمی خولی نایابی یانەكانی كوردستان رووی لە دابەزین بوو، دوای دەست لەكاركێشانەوەی دەستەی راهێنەرانی پێشوو كارگێڕانی یانەكە بڕیاری دەستنیشانكردنی (عەبدوڵڵا مەحمود)یان دا بۆ سەرپەرشتیكردنی مەشقی یانەكە، راهێنەری تازەی یانەكەش دوای دەست بەكاربوونی پەنای بۆ چەندین یاریزانی شاری هەولێر برد بۆ ئەوەی یانەكە لە ئەگەری دابەزین رزگار بكات. یەكێك لەم هێرشبەرانە كارزان عەبدوڵڵا بوو كە گۆڵكاری پێشووی یانەی بروسك و هەڵبژاردەی كوردستان و یانەی هەولێر بووە، ئەو بێ بەرامبەر چۆتە ریزی یانەكەی و لەبەر ئەو یانەیەش چەند گرێبەستێكی تری یانەكانی تری رەتكردۆتەوە. لەم بارەشەوە كارزان عەبدوڵڵا هێرشبەری یانەی كەركووك بۆ گۆڤاری گوڵان وتی: من ئەوە چەند یارییە بە بێ بەرامبەر یاریم بۆ یانەی كەركووك كردووە، هۆكارەكەشی بۆ خۆشەویستیم بۆ هاندەران و یانەی كەركووك دەگەڕێتەوە، بۆیە ئەو بڕیارەم داوە»، لە بارەی هاتنی گرێبەستیش بۆ خۆی، كارزان وتی: «بەڵێ، چەندین گرێبەستم بۆ هاتووە لە یانەكانی ئارارات و پێشمەرگەی سلێمانی و هەندرێن، بەڵام لە یانەی كەركووك زیاتر ئاسوودەم و لەبەر كاپتن عەبدوڵڵا مەحمودی راهێنەری نوێی یانەكە ئەو بڕیارەم داوە، جگە لەوەش یانەی هەولێریش پێیانوتم بگەڕێمەوە، بەڵام من نەگەڕامەوە بۆ ئەو یانەیە». لەبارەی مانەوەشی لە یانەی كەركووك كارزان وتی: تاكو ئێستا دیار نییە كە ئایا وەرزی داهاتووش بەردەوام دەبم، یان نامێنمەوە، ئەوە پەیوەستە بە راهێنەرەكەمەوە، من لەگەڵ كاپتن عەبدوڵڵا مەحمود بەردەوام دەبم، ئەو لە هەر یانەیەك راهێنەر بێت، بەڵام بەو مەرجەی من ئاسوودەبم لەو یانەی ئەو كاری تێدا دەكات، تاكو ئێستاش لەسەر چارەنووسی خۆم بڕیاری یەكلاكەرەوەم نەداوە، چونكە هێشتا زووە بڕیاری لەسەر چارەنووسی خۆم بدەم كە بۆ چ یانەیەك یاری دەكەم.