رۆژنامەكانی عێراقی و عەرەبی كاردانەوەی جیاوازیان هەبوو لەسەر كۆبوونەوەی سەرۆكی یەكێتی تۆپی پێی كوردستان و جیهان
سەرەتا رۆژنامەی (الملاعب)ی رۆژنامەیەكی رۆژانەیە تایبەتە بە لێژنەی ئۆڵۆمپی عێراق، لە لاپەرەی یەكەمی رۆژنامەكە باس لەم دیدارە دەكات دواتر بۆچوونی یەكێتی تۆپی پێی عێراقی وەرگرتووە كە تیاییدا سەرۆكی یەكێتی تۆپی پێی عێراق عەبدولخالق مەسعود سەبارەت بەم سەردانە گوتی: من و سەفین كانەبی بەفەرمی بانگهێشت كرابووین، بەڵام من بەهۆی سەرقالبوونم بە كارەكانی یەكێتیەكە نەمتوانی گەشت بكەم.
دواتر رۆژنامەی (موندیال)ی رۆژانە بەهەمان شێوە لە لاپەرەی یەكەمی رۆژنامەكە بایەخی بە بابەتەكە داوە دواتر لێدوانی ئەندامانی یەكێتی تۆپی پێی عێراقیان وەرگرتووە، كە ئەوان بێ ئاگایی خۆیان لەبارەی ئەم سەردانە نیشاندا.
رۆژنامەی (الزمان الریاضی) بەهەمان شێوە لە لاپەرەی یەكەمی رۆژنامەكە بە ناونیشانی (كوردستان هەوڵی چوون بۆ فیفا دەدات) بەتەواوی باسی ئەم كۆبوونەوەیە دەكات.
رۆژنامەی (استاد الدوحە) قەتەری بەناوبانگ گرنگیەكی زۆری بەم سەردانە داوە لەژێر ناونیشانی ( یەكێتی تۆپی پێی كوردستان داوای ئەندامبوون لە فیفا دەكات) بابەتەكەی داناوە و لێدوانی سەرۆكی یەكێتی تۆپی پێی كوردستان لەسەر بابەتە وەرگرتووە.
هەروەها چەندین رۆژنامەی تر وەكو (المشرق، العداله، اسبوع البطل، الدستور،....هتد) بە گرنگیەوە باسی بابەتەكەیان كردووە و لە لاپەرەی یەكەمی رۆژنامەكان ئەم بابەتە داندراوە، لە هەمان كاتدا ماڵپەرە وەرزشیەكان بەهەمان شێوە باس لەم كۆبوونەوەیە كردووە هەریەكە لە ماڵپەرەكانی (پێشانگای تۆپی پێی عێراق، شبكە كرە العراقیە، شفق نیوز، مالپەرەی كورە...هتد) ئەوانیش كۆبونەوەكەیان روومال كردووە.
لە هەمان كاتدا كەناڵە ئاسمانییەكانی عێراق و عەرەبی راپۆرتی تایبەتیان لەسەر ئەم بابەتە كردووە، هەریەكە لە كەناڵەكانی ( وار، العراقیە، الشرقیە، الفرات، العربیە،...هتد ) لێكدانەوەی جیاوازیان لەسەر ئەم كۆبوونەوەیە كردووە.
جێگەی باسە وا بڕیارە ئەمرۆ چوارشەممە لە شاری (رام الله) فەلەستینی سەرۆكی یەكێتی تۆپی پێی كوردستان سەفین كانەبی لەگەڵ سەرۆكی یەكێتی تۆپی پێی جیهانی جۆزێف سیب پلاتەر كۆدەبێتەوە بەمەبەستی تاوتیوكردنی چەند بابەتێكی گرنگ تایبەت بە دوارۆژی تۆپی پێی كوردستان.
رێبین رەمزی
