هەولێر گەیشتە كوەێت، كۆنگرەی رۆژنامەنووسی ئەنجامدرا

هەولێر گەیشتە كوەێت، كۆنگرەی رۆژنامەنووسی ئەنجامدرا
رۆژی سێشەممە لە رێگەی فرۆكەخانەی هەولێری نێودەوڵەتی شاندی یانەی هەولێر بەرەو شاری بەسرە بەرێكەوت پاشان لە رێگەی ئۆتۆمبیل لە شاری بەسرە بەرەو وڵاتی كوەێت بەرێكەوتن هەمان رۆژ گەیشتنە كوەێت بەمەبەستی خۆئامادەكردنیان بۆ دواین یاری خۆیان لە وەرزی ئەمساڵدا لە جامی یەكێتی ئاسیا، كاتێك سبەی چوارشەممە لە یاریگەی یانەی كوەێت رووبەرووی یانەی قادسیە دەبنەوە لە چوارچێوەی یارییەكانی كۆمەڵەی سێیەمی جامی یەكێتی ئاسیا بۆ تۆپی پێی.
كۆنگرەی هونەری
لە هۆتێل كراون پلازا ئەمرۆ سێشەممە كۆنگرەی هونەری یارییەكە ئەنجامدرا، كە تیاییدا هەردوو تیپ ئامادەبوون و بەفەرمی درێسی یارییەكە دەستنیشان كرا، كە یانەی قادسیە بە درێسی زەرد یاری دەكەن و یانەی هەولێر بە درێسی رەساسی یاری دەكات دواتر كاتی یارییەكە دەستنیشانكرا، كە سبەی چوارشەممە كاتژمێر 6:45ی ئێوارە بە كاتی كوردستان ئەنجام دەدرێت.
كۆنگرەی رۆژنامەنووسی
دواتر كۆنگرەی رۆژنامەنووسی ئەنجامدرا، لە یانەی هەولێر هەریەكە لە عومەر سەلیم بەرێوەبەری تیپ و رامیار ئازاد یاریزان و رێبین رەمزی بەرپرسی راگەیاندن ئامادەبوون، سەرەتا عومەر سەلیم بەرێوەبەری تیپ سەبارەت بەم یارییە گوتی: هەرچەندە ئێمە هیچ هیوایەكەمان بۆ سەركەوتن بۆ قۆناغی داهاتوو نەماوە، بەڵام هەوڵ دەدین بە باشترین شێوە یاری بكەین و ئاستێكی بەرز پێشكەش بكەین بۆ ئەوەی بتوانین ئەنجامێكی باش بە دەستبهێنین، بۆ ئەم یارییە بەشێوەیەكی باش خۆمان ئامادەكردووە لە رێگەی ئەنجامدانی مەشقی رۆژانی خۆمان لە شاری هەولێر بۆیە لەم یارییە هەوڵ دەدین باشترین ئاست پێشكەش بكەین پەنا بەخوا ئەنجامێكی باش بە دەست دەهێنین.
دواتر یاریزان رامیار ئازاد سەبارەت بەم یارییە گوتی: گشت یاریزانە بەشێوەیەكی باش خۆیان بۆ ئەم یارییە ئامادەكردووە و هەوڵ دەدەین ئاستێكی باش پێشكەش بكەین و ئەنجامێك باش بە دەستبهێنین، هەرچەندە هیچ هیوایەكی سەركەوتنمان بۆ قۆناغی داهاتوو نەماوە، بەڵام ئەوە نابێتە كۆسپ لەبەردەم هەوڵدان بۆ پێشكەش كردنی ئاستێكی بەرز.
دواین یەكەی مەشقی ئەنجام دەدات
دوای گەیشتنی شاندی یانەكە بۆ كوەێت و حەوانەوە لە هۆتێل، كە شاندەكە لە 26 كەس پێكهاتووە ئەوەیش ( سەفین كانەبی سەرۆك شاند، عومەر سەلیم بەرێوەبەری تیپ، ئەحمەد سەڵاح راهێنەر، رێبین رەمزی رێكخەری راگەیاندن، د.عەبدوڵخالق محەمەد پزیشك، پوشو خەسرەو كارگێری، عامر سابت كارگێری) یاریزانان (سەرهەنگ موحسین، دلێر حاتم، هەردی سیامند، میران خەسرەو، بورهان جومعە، عەلی فایز، مستەفا نازم، ئەحمەد محەمەد، نەدیم سەباغ، كۆسرەت بایز، دیار رەحمان، محەمەد خالید جەفال، نەبیل سەباح، سەعد عەبدولئەمیر، لوئەی سەڵاح، رامیار ئازاد، موراد گەردی، بارزان شێرزاد)، وا بڕیارە ئەمرۆ كاتژمێر 8ی شەو یانەی هەولێر دواین یەكەی مەشقی خۆی لە یاریگەی یارییەكە ئەنجام بدات.
دەستەی ناوبژیوان
یەكێتی تۆپی پێی ئاسیا بەمەبەستی بەرێوەبەردنی ئەم یارییە دەستەی ناوبژیوانی یارییەكەی دەستنیشانكرد، كە ناوبژیوانی ناوەرٍاست و یاریدەدەری یەكەم و یاریدەدەری دووەم لە وڵات شانشینی عومان و ناوبژیوانی چوارەم لە وڵاتی ئوردنە و سەرپەرشتیاری یارییەكە لە فەلەستین و سەرپەرشتیاری ناوبژیوانان لە سعودیە.
رێبین رەمزی - كوەێت
Top