وادەی دەستپێكردنی خولی فوتساڵی كچان دیاریكرا

وادەی دەستپێكردنی خولی فوتساڵی كچان دیاریكرا
بە مەبەستی دەستنیشانكردنی كاتی دەستپێكردنی خولی فوتساڵی نایابی یانەكانی كوردستان لە ئاستی كچان یەكێتیی ناوەندیی تۆپی پێی كوردستان لە بارەگای خۆی لە شاری هەولێر لەگەڵ نوێنەری یانە بەشداربووەكانی خولەكە كۆبووەوە بە مەبەستی دیاریكردنی وادەی دەستپێكردنی خولی فوتساڵی یانە پلە نایابەكانی كوردستان كە ماوەیەكی زۆرە كچانی یانەكانی كوردستان لە چاوەڕوانی ئەنجامدانی ئەم پاڵەوانیەتییەن، لە كۆبوونەوەكەش بەرپرسانی یەكێتیی تۆپی پێی كوردستان تیشكی خستە سەر چالاكییە بەردەوامەكانی یەكێتییەكەیان و مەبەستی كۆبوونەوەیان لەگەڵ نوێنەری یانەكانی كوردستان تاوتوێ كرد، ئاماژەشیان بەوەدا كە هەردەم پاڵپشتی لە گرنگیدان بە یارییەكانی كچان دەكەن وەكو خولەكانی تریان، لەلایەن خۆشیانەوە نوێنەری یانەكانی كوردستان تاوتوێی بارودۆخی وەرزشی كوردستان و ئەو قەیرانە داراییەیان كرد. هەر چەندە یەكێتیی ناوەندیی تۆپی پێی كوردستان بڕیاری ئەوەی دابوو كە خولی 11یاریزانی بۆ یانەكانی كوردستان بكاتەوە لە ئاستی كچاندا، بارودۆخی دارایی رێگر بووە لە ئەنجامدانی ئەم پاڵەوانێتییە، بەڵام خولی فوتساڵ هەر ئەنجام دەدرێت، دواتریش بەهۆی نزیك بوونەوەی وادەی تاقیكردنەوەی هەردوو قۆناغی بنەڕەتی و ئامادەیی لەسەر داوای نوێنەری یانەكان بڕیاردرا بە دەستنیشان كردنی مانگی 8ی داهاتوو بۆ بەڕێوەچوونی خولی فوتساڵی نایابی یانەكانی كوردستان لە ئاستی كچان، هەر لە كۆبوونەوەكەشدا بڕیاردرا ئەمساڵ جیاواز لە ساڵان، خولی فوتساڵ بە دوو كۆمەڵە بەڕێوە بچێت، لە هەر كۆمەڵەیەكدا پێنج یانە بەشدار دەبن، ئەوەش بە زۆرینەی دەنگی نوێنەری یانەكان پەسند كرا، لە كۆبوونەوەكەشدا چەندین سەرنج و تێبینی خرایەڕوو، یانەكانیش ئێستا لە ئامادەكاریدان بۆ ئەوەی بتوانن لە خولەكە كێبڕكێ لەسەر بەدەستهێنانی ئەنجامی شایستە بكەن.
Top