كەركووك ریزەكانی بە سێ یاریزانی تازە بەهێزتر دەكات

كەركووك ریزەكانی بە سێ یاریزانی تازە بەهێزتر دەكات
سەرچاوەیەك لە یانەی كەركووك ئاشكرایكرد، تیپەكەیان بەمەبەستی بەهێزكردنی ریزەكانی و هەروەها بۆ ركابەریكردن لەسەر مانەوە لە خولی نایابی كوردستان، ریزەكانی بە سێ یاریزانی تازە بەهێزتركرد.
محەمەد خالید بەرپرسی راگەیاندنی یانەی كەركووك رایگەیاند: تیپەكەمان سێ یاریزانی تازەی هێنایە ریزەكانی بە مەبەستی بەهێزكردنی ریزەكانی و ركابەریكردن لەسەر مانەوە لە خولی نایابی كوردستان .
گوتیشی: " یاریزانەكان بریتیین لە كارزان عەبدوڵڵا هێرشبەری ناسراوی شاری هەولێر، كە بە (خوێنڕێژ – سەفاح) ناسراوە، لەگەڵ ستار یاسین و سەعد جاسم، كە ئەمانەی دوایی یاریزانی پێشووی كەركووكن و ئێستا جارێكی دیكە گەڕانەوە تیپەكە و هەر خەڵكی كەركووكیشن.
محەمەد خالید وردەكاری گرێبەست و مووچەی ئەو سێ یاریزانەی ئاشكرانەكرد، بەڵكو ئاماژەی بەوەدا كە بۆ ئەو سێ یارییەی لە خولی نایابی كوردستاندا ماوە بەشداریی دەكەن و رەنگە بۆ وەرزی داهاتووش بەردەوامبن، بەڵام هێشتا بابەتی مانەوەیان لە تیپەكە بۆ وەرزی داهاتوو باس نەكراوە.
هەروەها ئاشكرایكرد: دوو یاریزانی تیپەكەمان بەهۆی پابەندنەبوونیان بە رێنماییەكانی راهێنەر لە تیپەكە دوورخرانەوە.
یانەی كەركووك كە ئێستا لە پلەی 12یەمی ریزبەندییە و 20 خاڵی هەیە، هەوڵی ئەوەدەدات ئەم وەرزە دانەبەزێتە خولی پلە یەك و بەهەر جۆرێك بێت لە پلە نایابدا بمێنێتەوە.
كەركووك ئێستا لە ژێر سەرپەرشتیی راهێنەر عەبدوڵڵا مەحموودایە و ئەنجامەكانی باش بووە.
Top