دوای ئەوەی رۆژی دووشەممە بەفەرمی یارییەكانی كۆمەڵەی یەكەم تەواو بوو و چارەنووسی یانە سەركەوتووەكان دەستنیشان كرا، لەگەڵ تەواوبوونی یارییەكانی ئەم كۆمەڵەیە سەرۆكی یانەی كەربلا كۆبوونەوەیەكی لەگەڵ یاریزانەكان ئەنجامدا و دەستخۆشی لە یاریزانان كرد، كە توانیان لەم وەرزە زەحمەتە ئاستێكی باش پێشكەش بكەن و پەیمانی ئەوەی پێدان، كە لە ماوەی داهاتوو، گشت گرێبەستەكانی پێدەدرێت، بەڵام هەمان شەو سەرۆكی یانەی كەربلا محەمەد ناسر و ئەندامی دەستەی كارگێری یانەكە وەلید حوسێن دوو نامەی هەرەشیان بە دەست گەیشتووە، كە نووسراوە: ( تا رۆژی چوارشەممە مولەتان پێدەدین، كە دەبێت گشت پارەی یاریزانەكان بدەن و یاریزانەكان تا ئەم رۆژە چاوەڕوان دەبن و لە هۆتێل جێناهێڵن، بە پێچەوانەوە خوتان و خانەوەدەكانتان تووشی كوشتن دەبن و بەهەمان چارەنووسی سەرۆكی یانەی نەجەف سەباح گەرعاویتان دەبین).
دواتر سەرۆكی یانە و ئەندامی دەستەی كارگێری یانەكە داوایەكیان لە بنكەی پۆلیس دژی كەسانی نەناسراو تۆمار كردووە و ئێستا لێكۆلینەوە لەم بابەتە دەكرێت.
جێگەی باسە ماوەیەك پێش ئێستا سەرۆكی یانەی نەجەف سەباح گەرعاوی لە تاوانێكی تەموژاویدا لە كەرادەی شاری بەغداد رەفێندرا و دواتر بە كوژراوی دۆزرایەوە و هەروەها لە شاری كەربلا راهێنەری یانەكە لە لایەن دەزگاكانی پولیس بەشێوەیەكی سەیر كوژرا.
رێبین رەمزی