دهۆك لە خولی عێراق كشایەوە
بە پێی لێدوانی سەرۆكی یانەی دهۆك بژار ئیسماعیل سەبارەت بە ئامادەنەبوونی لە یارییەكە گوتی: بە داخەوە لێژنەی پێشبركی یەكێتی تۆپی پێی عێراق جیاوازی لە نێوان یانەكان دەكات ئێمە داومان لەم لێژنەیە كرد، یان یارییەكە پێش بخات یاخود دوابخات، كەچی قبوولی هیچیان نەكرد، بۆیە ئێمەش بڕیاری ئامادەنەبوونەمان دا بۆ ئەوەی خۆمان بۆ یارییەكەی رۆژی پێنجشەممەی خولی كوردستان بەرانبەر یانەی نەورۆز ئامادە بكەین، چونكە ئەنجامی یارییەكەی شورتە هیچ كاریگەری لەسەر ریزبەندی خولەكە نابێت و ئێمە سەركەوتووین بۆ قۆناغی كۆتایی.
لە بەرانبەردا فەهمی عامری سكرتێری لێژنەی پێشبركی یەكێتی تۆپی پێی عێراق سەبارەت بە كشانەوەی دهۆك گوتی: ئەگەر دهۆك لەم یارییە بكشێتەوە ئەوە ئەنجامی یارییەكە (3-0) بۆ یانەی شورتە هەژمار دەكرێت و یانەی دهۆك بە بڕی (25) ملیۆن دینار سزا دەدرێت و دەبێت یاریزانانی شورتە و دەستەی ناوبژیوانانی یارییەكە لە یاریگە ئامادە بن و 15 خولەك چاوەڕوانی یاریزانانی دهۆك بكەن، ئینجا فیكەی تەواوبوونی یارییەكە لێدەدرێت.
جێگەی باسە هەردوو یانەی شورتە و دهۆك بەفەرمی سەركەوتنی خۆیان بۆ قۆناغی داهاتوو مسۆگەر كردووە و ئەم ئەنجامە هیچ كاریگەری لەسەر سەركەوتنیان ناكات.
رێبین رەمزی
