لە جامی یەکێتی ئاسیا ئەمڕۆ ھەولێر ڕووبەرووی ئیستقلال دۆشانبێ دەبێتەوە
لە میانی یارییەکانی جامی یەکێتی یانەکانی ئاسیا لە گەڕی پێنجەمی پاڵەوانیتیەکە ئەمڕۆ چوارشەممە یانەی ھەولێر لە دەوحەی پایتەختی قەتەر لەسەر یاریگای وەکرە لە کاتژمێر ٧ی ئێوارە بە کاتی ھەرێمی کوردستان ڕووبەرووی یانەی ئیستقلال دۆشانبێ وڵاتی تاجیکستانی دەبێتەوە، بۆ ئەم یارییەش ھەرچەندەیاریزانانی یانەی ھەولێر لە بارێکی دەروونی خراپ دابن بە تایبەتی دوای ئەوەی لە یاری ڕابردووی خولی عێراق دووچاری شکست بوون لەبەرامبەر یانەی زەورا لەسەر یاریگای شەعب و کز بوونی ھیوای سەرکەوتنی بۆ خولی بژاردە و دەست لە کارکێشانەوەی ھەریەک لە ئەیوب ئۆدیشۆی ڕاھێنەر و جەلیل زێدانی ڕاھێنەری گۆڵچیەکان جگە لەوەش لوئەی سەلاحی ھێرشبەری یانەکەش یاوەری شاندی تیپەکە نەبووە ئەوەش کاریگەری دەبێت لەسەر ئاستی یانەی وەرزشی ھەولێر، بەڵام ھەولێرییەکان بۆ ئەم یارییە بڕیاری ئەوەیانداوە کەوا بە گیان فیدایی یاریی بکەین لەم یارییە و ھەموو ھەولێکی خۆیان بخەنە گەڕ بۆ ئەوەی بتوانن بە ئاستێکی باش دەربکەون و ئەحمەد سەلاحی ڕاھێنەری کاتی یانەکەش ئەوەی ئاشکرا کردبوو کەوا ئەو وەکو ڕاھێنەری یانەکە زیاتر کار لەسەر دەروونی یاریزانان دەکات بۆ ئەوەی بتوانێ ئەنجامی باش بەدەست بھێنێت، ھەر چەندە ھەولێر لە دواین پلەکانی ریزبەندی کۆمەلەکەی دێت بە کۆکردنەوەی تەنیا سێ خاڵ، بەڵام ھەولێرییەکان بۆ ئەم یارییە بە ھەر نرخێک بێت دەیانەوێ خەمی شکستی یاری ڕابردوویان بە نوسینەوەی سەرکەوتن لە بیر بەبنەوە لەبارەی ئامادەکاری یانەکەش ، بێجان ئیبراھیم بۆ گوتی: تیپەکەمان لە وڵاتی قەتەرە و ماوەی چەند رۆژێکە مەشقی رۆژانەی خۆیان کردوە بە ھیواوە ئەم یارییە دەکەین، ھەرچەندە ڕەنگە ھەندێک کاریگەڕی شکستی یاری ڕابردوو دەست لەکارکێشانەوەی ستافی ڕاھێنەری لەسەر یاریزانان ھەبێت، بەڵام ھەوڵمان داوە بتوانین ئاستی تیپەکە بەرز بکەینەوە ئەم یارییەش جگە لەسەرکەوتن ئێمە ھیچی ترمان نییە و یاریزانانیش بە ھەموو لایەک ھەوڵی ئەوەین داوە ئەنجامی باش بەدەست بھێنین.
کۆسرەت بایز یاریزانی یانەی ھەولێر لەم بارەیەوە گوتی: ئێمە بۆ ئەم یارییە ئامادەکاری پێوستمان کردوە و چاومان لەوەیە بە ئەنجامی باشەوە لە یاریگا بێنە دەرەوە ھەرچەندە ئێمە جگە لە بردنەوە ھیچ ئامانجیکمان نییە چونکە ھیچمان نییە تاکو لەدەستی بدەین ، یاریزانەکانیش بەلێنی ئەنجامی باشیان داوە لە یانەکە.
لەلایەن خۆشیەوە میران خەسرۆ یاریزانی ھێلی ناوەڕاستی یانەی ھەولێر لە بارەی ئامادەکارییەکان گوتی: ئامادەکارییەکانمان زۆر باشە و ھەرچەندە ئێمە ھیوامان کزە بۆ گەیشتن بە قۆناغی داھاتوو، بەڵام ئێمە جگە لە سەرکەوتن و سێ خاڵی یارییەکە بیر لە ھیچ شتێکی تر ناکەینەوە ھەرچندە تیپی بەرامبەریشمان تیپێکی بەھێزە بەڵام دەناوێ بە ئەنجامی باشەوە بگەرێنەوە ، سەرجەم یاریزانەکانیش بۆ ئەم یارییە ئامادەن و رۆژانەش ڕاھێنەری تازەی یانەکە مەشقی باشی بە ئێمە داوە و ھەموومان بەیەک ھەست یاری دەکەین کە ئامانجی ئێمە تەنیا بردەنەوەیە و ھیچی تر نییە.
