كچانی پێشمەرگەی سلێمانی راهێنەرێكی نوێیان دەستنیشان كرد

كچانی پێشمەرگەی سلێمانی راهێنەرێكی نوێیان دەستنیشان كرد
بە مەبەستی زیاتر گرنگیدان بە یاریی تۆپی بالە و دروستكردنی بناغەیەكی باش بۆ یانەكە و دروستكردنی یاریزانانی ئاست بەرز، كارگێڕی یانەی پێشمەرگەی سلێمانی دوای هەوڵ و كۆششێكی زۆر دواجار توانی راهێنەری بەتوانای شارەكە ئالان سەلاح بە راهێنەری تیپی بالەی كچانی یانەی پێشمەرگەی سلێمانی دەستنیشان بكات. لەم بارەشەوە میران مەحمەد لە راگەیاندنی یانەی وەرزشی پێشمەرگەی سلێمانی بۆ گۆڤاری گوڵان گوتی: «بە مەبەستی باشتركردنی ئاستی تیپی بالەی كچانی یانەكەمان و ئامادەكارییەكانمان بۆ پاڵەوانێتییەكانی داهاتووی عێراق و كوردستان، دروستكردنی قوتابخانەیەكی پێگەیاندنی یاریزانان بۆ یانەی پێشمەرگە لە ئێستادا بۆ ئێمە زۆر پێویستە و مامۆستا ئالانیش یەكێكە لە راهێنەرە بەتواناكانی شاری سلێمانی و راهێنەرایەتی چەندین یانەی لەئەستۆ بووە، ئێمەش دەمانەوێ سوود لە تواناكانی راهێنەرێكی ناوخۆیی و بەئەزموون وەربگرین بۆ ئەوەی زۆرترین سوود بە یانەكەمان بگات، هەم لە رووی پێگەیاندنی یاریزانان و هەمیش لە بەدەستهێنانی ئەنجامی شایستە لە خولەكاندا، ئێستاش گۆڕانكاری باشی كردووە لە تیپەكە بۆ ئەوەی سەر لەنوێ تیپەكە رێكبخاتەوە».
یانەی پێشمەرگەی سلێمانی ساڵانە بەشداری لە چەندین خول دەكات لەسەر ئاستی كوردستان و عێراق، بۆیە ئەمساڵیش جیا لە ساڵانی پێشوو نیازی بەدەستهێنانی ئەنجامی گەورەی هەیە لەسەر ئاستی كوردستان و عێراق، بۆیە لە ئێستاوە ئامادەكارییەكانی دەست پێكردووە.
Top