كچانی كوردستان دەیانەوێ كۆنتڕۆڵی هەڵبژاردەی عێراق بكەن

كچانی كوردستان دەیانەوێ كۆنتڕۆڵی هەڵبژاردەی عێراق بكەن
لە ئێستادا هەڵبژاردەی كچانی تۆپی پێی عێراقی لە شارەكانی كوردستان ئامادەكاری دەكەن بۆ دەستنیشانكردنی یاریزانان بۆ ریزی هەڵبژاردەی عێراق، كچانی كوردستانیش ئێستا هەلێكی باشیان بۆ رەخساوە بۆ ئەوەی زۆرترین رێژەی لە پێكهاتەی هەڵبژاردەكە كۆنتڕۆڵ بكەن و خۆیان ماندوو دەكەن بۆ بوونیان بە یاریزانی سەرەكی لە هەڵبژاردەی نیشتمانی عێراقی، پێشتر زۆر بە كەمی یاریزانانی كورد توانیویانە ببنە یاریزانی سەرەكی و جێگەی متمانەی راهێنەرانی هەڵبژاردەكە بۆ پاڵەوانێتییەكانی دەرەوە، بەڵام لە ئێستادا كچانی كوردستان دەیانەوێ بە هەر شێوەیەك بێت كۆنتڕۆڵی هەڵبژاردەی نیشتمانی عێراق بكەن بۆ ئەوەی لە پاڵ یاریزانانی شارەكانی دیكەی عێراق جێگەی دەستیان دیار بێت لە پاڵەوانێتییەكانی دەرەوە، لەم بارەشەوە لە یەكەیەكی مەشقی هەڵبژاردەی كچانی تۆپی پێی عێراق ئەم راپۆرتەمان ئەنجامدا.

راپۆرتی: كارزان كانەبی

عەلی حەسەن راهێنەری یەكەمی هەڵبژاردەی كچانی عێراق بۆ گۆڤاری گوڵان گوتی: «من ماوەی چەند رۆژێكە دەستم بە كۆكردنەوەی یاریزانان كردووە بۆ ریزی هەڵبژاردەی عێراقی بۆ ئەوەی لە پاڵەوانێتییەكانی دەرەوەی عێراق تیپێك ئامادە بكەم، زۆر خۆشحاڵیشم كە لە شاری هەولێر كۆمەڵێك یاریزانی بەتوانامان دەستنیشان كردووە بۆ ئەوەی درێسی هەڵبژاردەی عێراقی بپۆشن، جگە لە شاری هەولێریش دەچینە شارەكانی دهۆك و سلێمانیش بۆ ئەوەی بتوانین لەگەڵ كچانی شارەكانی تر پێكهاتەیەكی زۆر بەهێز بۆ خۆمان دەستنیشان بكەین»، گوتیشی: «كچانی كوردستان خاوەن ئاستێكی بەرزن لە یاری تۆپی پێ، بۆیە دەمانەوێ لە هەموو عێراق پێكهاتەیەكی بەهێز لە كچانی كوردستان دەستنیشان بكەین و شان بە شانی یەكتری بتوانین هەڵبژاردەیەكی بەهێز دروست بكەین».
كەوسەر كاكە یاریزانی هەڵبژاردەی عێراق، بۆ گۆڤاری گوڵان گوتی: «دەمانەوێ ناوی كچانی كوردستان لە ریزی هەڵبژاردەی عێراق بەرز بكەینەوە كە ساڵانی پێشووتر كچانی كورد ئەو درەفتەیان پێنەدراوە كە بتوانن ئەنجامی شایستە لەگەڵ كچانی عێراق تۆماربكەن، بۆیە دەستنیشانكردنی یاریزانانی كوردیش لە ریزی هەڵبژاردەی عێراقی دەبێـتە پاڵپشتییەكی باش بۆ كچانی عێراقیش، چونكە لە ئێستادا ئاستی كچانی كوردستان زۆر بەرزە لە یارییەكانی تۆپی پێ، بەڵگەی قسەكانیشم ئەوەیە كە لەسەر ئاستی عێراق كچانی كوردستان پاڵەوانی تۆپی فوتساڵی عێراقن، سوپاسی دەستەی راهێنەرانیش دەكەین كە ئەوان متمانەی باشیان بە ئێمە هەیە، ئێمەش دەمانەوێ لە ئاست ئەو متمانەی ئەوان بین و ناوی كوردستان و عێراق بەرز بكەینەوە».
تریسك یونس كارگێڕی هەڵبژاردەی كچانی عێراق لەبارەی ئامادەكارییەكان گوتی: «ئێمە دەمانەوێ كچانی كوردستان ببنە یاریزانانی سەرەكیی هەڵبژاردەكە و ئەوەی لە توانامان بێت بۆ پێشخستنی توانای كچانی كوردستان لە ریزی هەڵبژاردەی عێراق ئەنجامی دەدەین، كچانی كوردستانیش هیچیان لە كچانی عێراق كەمتر نییە و متمانەی دەستەی راهێنەرانیش بە كچانی كوردستان زۆر زیاترە لە كچانی شارەكانی دیكەی عێراق، چونكە ئاستی تۆپی پێی كچانی كوردستان بەشێوەیەكی زۆر بەرز بۆتەوە، دڵنیاشم كچانی كوردستان دەتوانن زۆر لەو ئاستە زیاتر پێشكەش بكەن، بوونی منیش زۆر باشتر دەبێت بۆ كچانی خۆمان، كەمپێكی مەشقیش دەكەینەوە بۆ یاریزانان لە دەرەوەی هەرێمی كوردستان».
خەڵات ئەسعەد كچە یاریزانی كورد و گۆڵچی هەڵبژاردەی عێراق بۆ گۆڤاری گوڵان گوتی: «بە شانازییەكی زۆرەوە توانیم درێسی هەڵبژاردەی عێراقی بەدەستبهێنم و دڵنیاشم پشت بەستن بە كچانی كوردستان ئاستی هەڵبژاردەی تۆپی پێی كچانی عێراقی زیاتر بەرز دەبێتەوە، لە ئێستاشدا بەرپرسانی تۆپی پێی عێراقی باش دەزانن كە كچانی كوردستان ئاستیان زۆر بەرز بۆتەوە، ئێمەش وەكو كچانی كوردستان ئەو پەڕی توانای خۆمان دەخەینە گەڕ بۆ ئەوەی ئاستی هەڵبژاردەی عێراقیش بەرز بكەینەوە و شان بە شانی كچانی شارەكانی تر ناوی كوردستان لە پاڵەوانێتییەكانی دەرەوە، دەستەی راهێنەرانیش ئاستی ئێمەیان بەدڵە، ئێمەش ماوەیەك بەر لە ئێستا لە شاری بەغدا پاڵەوانی عێراق بووین، ئەوەش متمانەیەكی زۆری بەخشییە دەستەی راهێنەران كە بزانن كچانی كوردستان خاوەن بەهرەیەكی زۆرن و دەتوانن ئەنجامی گەورە بۆ ورەزشی عێراق بەدەستبهێنن».
مەزن محەمەد یاریدەدەری راهێنەری هەڵبژاردەی عێراقی بۆ گۆڤاری گوڵان گوتی: «لەلایەن یەكێتی تۆپی پێی عێراقی لە شاری بەغدا پەیوەندیم پێوە كرا و وەكو یاریدەدەری راهێنەری هەڵبژاردەی عێراق دەستنیشان كرام، بەوەش ئەركی من قورستر دەبێت وەكو كوردێك كە بتوانم ئاستی هەڵبژاردەی عێراقی بەرز بكەمەوە، لەلایەن دەستەی تۆپی پێی كچانی عێراقی ئەوەم پێگوتراوە كەوا تیپێكی بەهێز دروست بكەین منیش وەكو دەستەی راهێنەر كار بۆ ئەوە دەكەم زۆرترین كچە یاریزانانی كورد لە ریزی هەڵبژاردەی عێراق وەربگیرێ، چونكە ئاستی كچانی كوردستان رۆژ بە رۆژ لە بەرز بوونەوەدایە، بۆیە بە مافی ئەوان دەزانم زۆرترین كچە یاریزانی كورد درێسی ئەو هەڵبژاردەیە بپۆشن، ئەو هەڵبژاردەیەش زۆر جیاوازە لەگەڵ هەڵبژاردەكانی دیكە، چونكە لەمە بە دواوە ئەو هەڵبژاردەیە بەردەوام دەبێت و بەشداری لە پاڵەوانێتییەكانی دەرەوەی عێراق دەكات، هەموو هەوڵێكی خۆمان دەدەین، بۆ ئەوەی كچە بەتواناكانی كوردستان لەم هەڵبژاردەیە كۆ بكەینەوە».
Top