شۆریجە و کفری و مەخمور و ڕانیە و خەبات بەسەرکەوتن دەستیان پێکرد

شۆریجە و کفری و مەخمور و ڕانیە و خەبات بەسەرکەوتن دەستیان پێکرد
کارزان کانەبی
لەمیانی یارییەکانی دەستپێکی خولی یانە پلە دووەکانی کوردستان لە یەکەم ھەفتەی دەستپێکی یارییەکان لە یاریگا جیاجیاکانی کوردستان چەند یارییەکی بەھێز و گرنگ بەرێوە چوون، لە کۆمەلەی یەکەم یانەی خەبات لەسەر یاریگای خۆی لەقەزای خەبات میوانداری یانەی چەمچەماڵی کردو لە یارییەکی ئاست بەرزدا کوڕانی خەبات توانیان یارییەکە بە سوودی خۆیان بە کۆتایی بھێنن بە ئەنجامی(٢-١)گۆڵ یارییەکەیان بردەوە، لەسەر یاریگای دووزیش ھەردوو یانە گازی باکوور و دووز ڕووبەرووی یەکتری بوونەوە لەم یارییەشدا یاریزانانی ھەردوو تیپ تەنیا بە یەک خاڵ ڕازی بوون بە گۆلێک یەکسان بوون، لەسەر یاریگای یانەی جیھانیش لە شاری ھەولێر لە یارییەکی ئاست بەرزدا ھەردوو یانەی شەقلاوە و جیھان ڕووبەرووی یەکتری بوونەوە لەم یارییەشدا یاریزانانی ھەردوو تیپ ھەوڵی زۆریاندا بۆ ئەوەی بتوانن سێ خاڵی یارییەکە بەدەست بھێنین بەڵام سەرجەم ھەوڵەکانیان بێسوود بوو سەرئەنجامیش ھەردوو یانە بەبێ گۆڵ یەکسان بوون خالێکیان پێبرا لە یارییەکە، لە شاری ڕانیەی دەروازەی ڕاپەرینیش ھەردوو یانەی ڕانیە و خانەقین ڕووبەرووی یەکتری بوونەوە لەم یارییەشدا یاریزانانی ھەردوو تیپ ئاستێکی باشیان پێشاندا لە یارییەکەدا سەرئەنجامیش یارییەکە بە تاکە گۆلێک بۆ بەرژەوەندی یانەی ڕانیەی خاوەن یاریگا بە کۆتایی ھات و سێ خاڵی گرنگی دەستەبەر کرد، لە کۆمەلەی دووەمیش چوار یاری گرنگ بەرێوەچوو، شۆریجەی کەرکووک لەسەر یاریگای خۆی ڕووبەرووی یانەی ئاکرێ بووە لە یارییەکی چاوەڕوان نەکراودا یاریزانانی شۆریجە توانیان کۆنترۆڵی یاریگا بکەن و یارییەکەش بە سوودی خۆیان بە ئەنجامی(٤-٠)گۆڵ ببەنەوە و سێ خاڵی گرنگ کۆبکەنەوە، یانەی کفریش لە دەرەوەی یاریگای خۆیان ڕووبەرووی یانەی بەردەڕەش بوونەوە لەم یارییەشدا یاریزانانی کفری میوان توانیان یارییەکە بە تاکە گۆلێک و بە سێ خاڵ ببەنەوە بگەرێنەوە قەزای کفری، یانەی کەیوانیش لە سەر یاریگای خۆی میوانداری یانەی ئاسۆی کرد لەم یارییەشدا یاریزانانی ھەردوو تیپ ئاستێکی مام ناوەندییان پێشکەش کردو ھەردوو تیپ بە گۆلێک وبەخالێک یەکسان بوون، یانەی مەخموریش لەسەر یاریگای خۆیان میوانداری یانەی پیرەمەگروونیان کرد لە یارییەکی ئاست بەرزدا کوڕانی چیای قەرچووغ توانیان بە ئاست و بە ئەنجام لە پیرەمەگروونی میوانیان ببەنەوە بە ئەنجامی(٢-٠)گۆڵ.
Top