ئۆدیشۆ: یاری ئاهال كلیلی سەركەوتنمانە بۆ قۆناغی داهاتوو

ئۆدیشۆ: یاری ئاهال كلیلی سەركەوتنمانە بۆ قۆناغی داهاتوو
رۆژی دووشەممە لە رێگەی فرۆكەخانەی هەولێری نێودەوڵەتی شاندی یانەی هەولێر بەرەو وڵاتی قەتەر بەرێكەوت.
شاندی هەولێر لە 29 كەس پێكهاتووە بەسەرۆكایەتی سەفین كانەبی و هەریەكە لە (عومەر سەلیم، رێبین رەمزی، ئەیوب ئۆدیشۆ، ئەحمەد سەڵاح، جەلیل زێدان، عەبدولخالق محەمەد، پوشۆ خەسرەو، عامر سابت و یاریزانان ( سەرهەنگ موحسین، دلێر حاتم، هەردی سیامند، عەلی فائز، مستەفا نازم، كۆسرەت بایز، دیار رەحمان، نەدیم سەباغ، سەعد عەبدولئەمیر، نەبیل سەباح، حاتم زێدان، میران خەسرەو، محەمەد جفال، یونس مەحمود، سیروان خدر، رامیار ئازاد، لوئەی سەڵاح، هەڵگورد مەلا محەمەد، ئەحمەد محەمەد، موراد گەردی).
لەگەڵ گەیشتنی شاندەكە یەكەم یەكەی مەشقی خۆی لە یاریگەی سێیەمی وەكرە ئەنجام دا.
رۆژی سێشەممە لە هۆتێل میللینیوم كۆنگرەی هونەری و رۆژنامەنووسی ئەنجامدرا، لە كۆنگرەی هونەری درێس یاریكردن دیاریكرا، كە یانەی هەولێر بە درێسی زەرد یاریدەكات و یانەی ئاهال بە درێسی سپی یاری دەكات و بەفەرمی كاتی یارییەكە لە رۆژی چوارشەممە كاتژمێر 7ی ئێوارە لە یاریگەی وەكرە ئەنجام دەدرێت و ئەمرۆ سێشەممە كاتژمێر 6ی ئێوارە یانەی هەولێر دواین یەكەی مەشقی خۆی لە یاریگەی سەرەكی یارییەكە ئەنجام دەدات و یانەی ئاهال كاتژمێر 7ی ئێوارە لە هەمان یاریگا ئەنجام دەدات.
دواتر كۆنگرەی رۆژنامەنووسی یارییەكە ئەنجامدرا سەرەتا راهێنەری یانەی ئاهال بۆریس گوتی: ئێمە بە باشی خۆمان بۆ یارییەكە ئامادەكردووە و هیوادارین سەركەوتنێكی بە دەستبهێنین بۆ ئەوەی بتوانین لە ركابەری كردن لەسەر بلیتی سەركەوتن بەردەوام بین.
پاشان یاریزانی یانەی ئاهال ئۆرزۆف سەلێمان گوتی: ئێمە ئامانجی دیاریمان هەیە ئەویش سەركەوتن و سێ خاڵی یارییەكە بەشێوەیەكی باش خۆمان ئامادە كردووە و یاریزانان بەتەواوی ئامادەن بۆ ئەم یارییە گرنگ و چارەنووسازە.
دواتر راهێنەری یانەی هەولێر ئەیوب ئۆدیشۆ گوتی: دوای ئەم سەركەوتنە گرنگە، كە لە خولی عێراق بەرانبەر یانەی مەسافی بەدەستمان هێنا ئێستا گشت بیركردنەوەمان بۆ یاری ئاهال توركمانستانییە بۆیە هەوڵ دەدین ئاستێكی باش پێشكەش بكەین و لە هەمووی گرنكتر بردنەوە بە دەستبهێنین، چونكە ئەم یارییە كلیلی سەركەوتنی هەولێرە بۆ قۆناغی داهاتوو.
پاشان یاریزان سەعد عەبدولئەمیر سەبارەت بە یارییەكە گوتی: وری یاریزانان یەكجار بەرزە، بۆیە بەشێوەیەكی زۆر باش خۆمان بۆ ئەم یارییە ئامادەكردووە و پەنا بەخوا ئاستێكی باش پێشكەش دەكەین، كە ببێتە جێگەی رەزامەندی جەماوەر و دەستەی كارگێری یانەكەمان و شایەنی گەورەیی یانەكەمان بێت و بە سێ خاڵی یارییەكە بگرێنەوە هەولێر.
لە لایەكی ترەوە بەشێوەیەكی فەرمی یاریزان یونس مەحمود دەتوانی لەم یارییە بەشداری بكات، بەڵام یاریكردنی وەكو یاریزانی سەرەكی لەسەر بڕیاری راهێنەر دەمینێتەوە.
رێبین رەمزی - قەتەر
Top