كچە یاریزانی شەترەنجی ئۆكرانی كالینینا ئۆلگا: حەز دەكەم جارێكی تر بگەڕێمەوە كوردستان
*چۆن بوو بەشداریی ئەم پاڵەوانێتییەی شەترەنجی نێودەوڵەتی نەورۆزت كرد؟
- ئەوەی راستی بێت من ماوەیەكە هاتوومەتە عێراق و لەگەڵ یانەی شەترەنجی كارەبا لە شاری بەغداد گرێبەستم هەیە بۆ ئەوەی لە خولەكان یارییان بۆ بكەم، بۆیە دواتریش زانیم كە پاڵەوانێتیی نەورۆزی نێودەوڵەتی هەیە لە شاری هەولێر هاتم بەشداریی ئەم پاڵەوانێتییەشم كرد.
* بە گشتی ئاستی پاڵەوانێتییەكە چۆن بوو؟
- ئاستێكی زۆر باشی هەبوو، لە گشت روویەكیشەوە گرنگی پێ درابوو، بەهیوای ئەوەم بۆ جارێكی دیكەش بێمەوە ئەم شارە بۆ ئەوەی بەشداری لە پاڵەوانێتییەكانی تریش بكەم.
* خاوەنی چ بڕوانامەیەكی لە یاریی شەترەنج؟
- بڕوانامەی دكتۆرام هەیە لە شەترەنج و رتینگی (2323)، جگە لەوەش هەڵگری بڕوانامەی گراند ماستەری ئافرەتانم.
* لە شاری بەغداوە هاتوویت بۆ پایتەختی كوردستان بە گشتی جیاوازیی هەردوو لات چۆن بینی؟
- ئەوەی راستی بێت لە كوردستان هەست بە ئارامییەكی زۆر دەكەم لە گشت روویەكەوە، جگە لەوەش كوردی ئێرە پێشوازی باشیان لێكردم .
* زانیاریت هەبوو لەسەر كوردستان بەر لەوەی بێیتە ئەم شارە؟
-نەخێر من لە رێگەی هاوڕێیەكانم هاتوومەتە كوردستان بەهیوای ئەوەم جارێكی تریش بگەڕێمەوە شارە خۆشەویستەكە، خەڵكی ئێرە زۆر بەڕێزن لەگەڵ میوانان.
* ئەگەر گەڕایەوە وڵاتی ئۆكرانیا باسی هەرێمی كوردستانیان بۆ دەكەی؟
-بەدڵنیاییەوە، ئەوەی خۆم بینیومە لەسەر هەرێمی كوردستان بۆیان باس دەكەم.
* ئەنجامەكەت وەكو پێویست بوو لە پاڵەوانێتییەكە؟
- ئەوەی راستی بێـت پلەی دووەمم بەدەستهێنا هەر چەندە ئەنجامەكە باش بوو، بەڵام من هەوڵم دەدا پلەی یەكەم بەدەست بهێنم، بۆیە لە پاڵەوانێتییەكانی داهاتوو هەوڵ دەدەم ئەنجامی شایستەتر بەدەست بهێنم.
* ئەگەر یانەكانی كوردستان داوات لێبكەن یارییان بۆ دەكەی؟
- من بە خۆشحاڵییەوە هاتوومەتە عێراق بۆ هەر یانەیەكیش یاری بكەم بە شانازییەكی گەورەی دەزانم، گرنگ ئەوەیە بە هەموولایەك خزمەتی یاریی شەترەنج بكەین.
*ئەگەر لە كۆتاییدا شتێكت مابێت ؟
- تەنیا سوپاسی گۆڤاری گوڵانی خۆشەویست دەكەم بۆ بەسەركردنەوەی ئێمە وەكو یاریزانانی پیشەگەر لەم پاڵەوانێتییەدا، سوپاس بۆ یانەی وەرزشیی خانزادیش.
