عەبدوڵڵا مەحمود دەیەوێت ببێتە فریادڕەسی یانەی كەركووك

عەبدوڵڵا مەحمود  دەیەوێت ببێتە فریادڕەسی یانەی كەركووك
هەر چەندە ئەم وەرزە یانەی كەركووك بە بارودۆخێكی خراپی داراییدا تێپەڕیوە و چەند جارێكیش هەوڵی ئەوەی دا لە خولەكە بكشێتەوە، بەڵام هەر بەردەوامبوون لە خولی یانە پلە نایابەكان و لەگەڵ ئەوەشدا رۆژ لە دوای رۆژ ئاستی یانەكە دادەبەزێت و ئەنجامەكانی بە دڵی دەستەی كارگێڕی و هاندەرانی یانەكە نییە. لە دوایین یاریشدا یانەكە لە خولی یانە پلە نایابەكانی كوردستان لە بەرامبەر یانەی برایەتی لە سەر یاریگەی خۆی دووچاری شكستێكی بە ئەنجامی(2-1) گۆڵ بووەوە، لەدوای بەدەستهێنانی ئەم ئەنجامە خراپانەش دەستەی راهێنەرانی یانەكە عیماد قادر و دارەوان قادر دەستیان لە مەشقی یانەكە كێشایەوە كە لە دوای ئەنجامدانی 17هەفتە یانەكە تەنیا 12خاڵیان بەدەستهێناوە و لە ریزبەندیی یانەكان لە پلەی دوازدەهەم دێت. لە بارەی دەستنیشانكردنی عەبدوڵڵا مەحمودی راهێنەری پێشووی یانەكەش بۆ سەرپەرشتیكردنی تیپەكە موراد بەزاز ئەندامی دەستەی راگەیاندنی یانەی كەركووك بۆ گۆڤاری گوڵان گوتی: «هەرچەندە ئێمە گرفتی زۆری داراییمان هەبووە لەم وەرزە و كەسیش هاوكار نەبووە وەكو پێویست بۆ ئەوەی مووچەی یاریزانان و بڕی گرێبەستەكانیان دابین بكەین لە خولی پلە نایابی كوردستان، بۆیە ئاستی تیپەكەمان رۆژ بە رۆژ خراپتر دەبوو، بۆیە بەهۆی ئەو ئەنجامە خراپانەش دەستەی پێشووی راهێنەرانی یانەكەمان كە كوڕی شارەكە بوون دەستیان لە مەشقی یانەكە كێشایەوە، دەستەی كارگێڕیی یانەكەش دەست لەكاركێشانەوەكەی پەسند كرد و لە شوێنی ئەوانیش كارگێڕانی تیپەكەمان بڕیاریاندا بە دەستنیشانكردنی هەریەك لە عەبدوڵڵا مەحمود بە راهێنەری یانەكە و وەلید محەمەد بە یاریدەدەر».
موراد ئامادە نەبوو لەبارەی بڕی گرێبەست و مووچەكان هیچ زانیارییەك بدركێنێ و تەنیا باسی ئەوەی كرد كە عەبدوڵڵا مەحمود لە شاری كەركووكە و دەستی بە مەشقەكانی كردووە لەگەڵ تیپەكە و گوتی: «هیچ گرفتمان نییە لە سەر هیچ بابەتێك لەگەڵ عەبدوڵڵا مەحمود، پێشتریش ڕاهێنەری یانەكەمان بووە، ئەو راهێنەرێكی بەتوانایە لەسەر ئاستی كوردستان و پێشتریش ئەنجامی شایستەی بەدەستهێناوە لە خولی كوردستان و عێراق، ئومێدیشمان زۆرە بەو راهێنەرە كە بتوانێ یانەكە لە خولی پلە نایاب بهێڵێتەوە.
Top