یانەی نەورۆز ھەوڵی برینی یانەکانی تریش دەدات بۆنازناوەکە
دوای ئەوەی لە دواین یاری خولی یانە پلە نایابەکانی کوردستان یانەی نەورۆز سەرکەوتنێکی گرنگی لەسەردەستی کوڕانی شێروانەی کەلار بەدەستھێنا و کورە سورپۆشەکانی شارە حەیاتەکە ھاتنە پێشەنگی یانەکانی کوردستان دوای پتر لە سێ مانگ زیاتر بۆ ھەوڵدان بۆ ئەم پێشەنگییە، دەستەی کارگێری یانەکەش ھەموو ھەولێکی خۆیان خستۆتە گەڕ بۆ ئەوەی ئەم وەرزە نازناوی خولەکە بۆ یەکمجار ببەنە شارە حەیاتەکە و لە دەستی ھەریەک لە شارەکانی ھەولێرو دھۆکی دەربھێنن لە ئێستاشدا دەستەی ڕاھێنەرانی یانەکە پلانی تۆکمەی داناوە بۆ ئەوەی بتوانن شەڕی پاڕاستنی پێَشەنگی یانەکان و بەدەستھێنانی نازناوەکەش بکەن ، لەم بارەشەوە ئەرسەلان جەلال ڕاھێنەری یانەکە گوتی" دوای ئەوەی توانیمان پێشەنگی یانەکان وەربگرینەوە ئێستا ئێمە پلان دانانین بۆ یارییەکانی داھاتوو بە تایبەتی یارییەکی گرنگمان ھەیە لەگەڵ زێرەڤانی بۆ ئەوەی بتوانین یانەکانی تریش ببڕین بۆ بەدەستھێنانی ئەنجامی شایستە، پاڕاستنی پێشەنگی یانەکانیش پێویستی بە خۆ ماندوو کردنی زیاتر ھەیە ، لە بارەی گرفتەکانیشی ناوبراو گوتی" تاکو ئێستا ھیچ گرفتێکمان نییە لە یانەی نەورۆز و مووچەکانی خۆمان وەرگرتووە ئێستا تەنیا مووچەی مانگی ٣مان وەرنەگرتووە ئەگەر نا سەرجەم مووچەکانی ترمان وەرگرتووە جگە لەوەش بەشی دووەمی پارەی گرێبەستی خۆشمان وەرگرتووە لەگەڵ یاریزانان و سەرۆکی یانەکەشمان پاداشتی کردووینە دوای ئەوەی توانیمان بێنە پێشەنگی یانەکان ، بە پشتیوانی خوای گەورەش تا دوا ھەناسە لە خولی نایابی یانەکانی کوردستان شەڕی بەدەستھێنانی نازناوەکە دەکەین و ئێمەش لەگەڵ یانەکانی تر دەجنگین وە خۆشمان بە شایستەی بەدەستھێنانی نازناوەکە دەزانین تەنیا یەک داواکاریم ھەیە ئەوەش ئەوەیە کە ھاندەرانی یانەکەمان لە یاریگا زیاتر ئامادەبن بۆ پاڵپشتی کردنی یانەکەکان بۆ ئەوەی بگەینە ئامانجەکە چونکە ھاندەران لای من وەکوڕاھێنەر پلە یەکی نێو یاریگان ئەوان دەتوانن بە ھاندانیان پشتگیری ئێمە بکەن لە یارییەکان ، گوتیشی ئێمە بەردەوامدەبین لە کێبرکی کردن لەگەڵ سەرجەم یانەکانی کوردستان و ئێستا گرفتمان لە ھیچ ھێلێکی یاری کردن نییە و خاوەنی ٣٣خاڵین کە ئەوەش ئەنجامێکی دڵخۆشکەرە بۆ ئێمەو ھاندەران و دەستەی کارگێری و یاریزانان کە ئێمە ھەموومان بەیەکەوە بە یەک روحەیت کار دەکەین بۆ بەدەستھێنانی ئەنجامی شایستە .
