بالەی كچانی برایتی لە پاڵەوانێتی عەرەبی كشايەوە
لەمباریەوە سكرتێری یەكێتی تۆپی بالەی عێراق مەناف فازل لە لێدوانێكی بۆ رۆژنامەكانی عێراق راگەیاند: دوای كشانەوەی یانەی قەرقۆش لەم پاڵەوانێتیە، پەیوەندیمان بە یانەی برایەتی كرد بۆ ئەوەی دڵنیابین لە بەشداریكردنی لەم پاڵەوانێتیە، دوای چەندین جار پەیوەندیكردن بە سەرۆكی یانەكە، دەرچوو سەرۆك یانە لە دەرەوەی وڵاتە بۆیە بە ناچاری یانەی برایەتیمان دوورخستەوە وەكو یانەیەك، كە خۆی بەشداری لەم پاڵەوانێتیە نەكات.
لە درێژی قسەكانیدا مەناف فازل گوتی: ئێستا پەیوەندیمان بە هەردوو یانەی شەباب و ئەمانە بەغداد كردووە بۆ ئەوەی لە شوێنی هەردوو یانەی قەرقۆش و برایەتی بەشداری پاڵەوانێتی یانەكانی عەرەبی بكەن بۆ كچان، چونكە دواین كات بۆ ناردنی ناوەكان و رەزامەندی بەشداریكردن لە پاڵەوانێتیەكە رۆژی چوارشەممە (2015/4/1).
جێگەی باسە پاڵەوانێتی یانەكانی عەرەبی بۆ كچان لە تونس ئەنجام دەدرێت لە رۆژانی (22/4) تا (2015/5/1).
رێبین رەمزی
