گەنجێكی كەركووكی بە پێ دەچێتە مەزاری نەمران

گەنجێكی كەركووكی بە پێ دەچێتە مەزاری نەمران
عوسمان ئەحمەد ئەو لاوەى خەڵک و دانیشتووى شارى کەرکووکە، بۆ جارێ هەشتەمە لە کەرکووکەوە بە رێپێوان بەرەو شارى هەولێر دێت و لێرەوەش هەر بە پێ دەچێتە دەڤەرى بارزان و سەر مەزارى نەمران، بە وتەى خۆى ساڵانە لە هەر رێپێوانێکى لەو جۆرەى کە ئەنجامى دەدات، مەبەست و پەیامێکى هەیە ، بۆ ئەم جارەیش پەیامى رێپێوانەکەى بەناوى "هەموومان پێشمەرگەین".
عوسمان ئەحمەد ئێوارەى یەکشەممە دواى 14 سەعات بە پێ رۆشتن گەیشتە نێو یاریگەى شەهید فەڕەنسۆ هەریرى لە شارى هەولێر لەگەڵ گەیشتنیشى لەلایەن سەفین کانەبى سەرۆکى یەکێتى تۆپى پێی کوردستان و سەلام حوسێن سکرتێری یەکێتی پێشوازى لێکرا.
هەر لە هەمان رۆژ بەمەبەستى گەیاندنى پەیامەکەى بەرەو دەڤەرى بارزان کەوتە ڕێ، بڕیاریشە دواى شەش رۆژى تر بگات ، لەو بارەیەوە سەرۆکى یەکێتى تۆپى پێى کوردستان دەستخۆشى لەو گەنجە کرد و بیرۆکەى ناوى رێپێوانەکەشى بەرز و پیرۆز نرخاند.
لەلای خۆیەوە عوسمان ئەحمەد نووسراوێکى لە یانەى وەرزشى کەرکوکەوە پێشکەش بە یەکێتى تۆپى پێى کوردستان کرد کە تیایدا ئاماژە بەوە درابوو کە شارەکەیان چەندین رۆڵەى بە وەفاى هاوشێوەى عوسمانی هەیە وێڕاى بوونى قەیرانى داراییش بەڵام ئەوان بەردەوام دەبن لە وەرزشکردن و گەیاندنى پەیامەکەییان کە خزمەتکردنە .
Top