لەگەڵ ئەوەی ئەم وەرزی خولی نایابی یانەكانی كوردستان كەركووكییەكان نەیانتوانیوە ئاستی شایستە پێشكەش بكەن لە یارییەكان و رۆژ بە رۆژیش ئاستی تیپەكە بەرەو دواوە رۆیشتووە، قەیرانە داراییەكانیش هۆكاربوون بۆ ئەم ئەنجامە خراپە، بەڵام لەگەڵ گۆڕینی دەستەی كارگێڕیی یانەكە یاریزانان و دەستەی راهێنەران ئومێدیان بۆ زیندوو بۆتەوە كە دەتوانن لە یارییەكانی داهاتوو یانەی كەركووك ببەنە قۆناغێكی تازە لە خولەكە و رێگە نەدەن كەركووك دابەزێتە ریزی یانە پلە یەكەكانی كوردستان، لەم بارەشەوە دارەوان قادر یاریدەدەری راهێنەری یانەی كەركووك بۆ گۆڤاری گوڵان گوتی: «هەر چەندە ئاستی تیپەكەمان وەكو پێویست نەبووە لە یارییەكانی ئەم وەرزی خولی یانە پلە نایابەكانی كوردستان و لە كۆی ئەنجامدانی 16هەفتە لە یارییەكانی خولەكە تەنیا خاوەنی 12خاڵین ئەوەش بۆ ئێمە كەمە، ڕەنگە ئەگەری ئەوەمان لێبكرێ كە دابەزین بۆ خولی پلە یەكەكانی كوردستان، بەڵام ئێمە بەڵێنمان داوە لەگەڵ یاریزانان كە بە هەموو جۆرێك رووبەڕووی ئەم دۆخە ببینەوە بۆ ئەوەی ناوی شارەكەمان و یانەكەمان بەرز رابگرین لە خولی كوردستان، ئێستاش گۆڕینی دەستەی كارگێڕی و سەرۆكی یانەكە لە ئارادیە و ئەوانیش بەڵێنی ئەوەیان داوە كە گوزەرانمان باش بكەن، بۆیە لە ئێستادا كاری ئێمە لەسەر مانەوەی كەركووكە لە خولی پلە نایاب، دارەوان گوتیشی: «ئێمە بەڵێنمان پێدراوە و یاریزانانیش ئەوە دەزانن، بۆیە ئێستا بە هەموو لایەكمان شەڕی مانەوە دەكەین لە خولی پلە نایابی كوردستان بۆ یارییەكانی داهاتووش هەموومان ئامادەین.