سوارە محەمەد یاریزانی بەرزكردنەوەی قورسایی یانەی هەولێر: تەنیا یانە كە بایەخ بەم یارییە بدات یانەی هەولێرە
* ئاستی یاری بەرز كردنەوەی قورسایی چۆن دەبینی؟
-ئەوەی راستی بێت یاری بەرزكردنەوەی قورسایی لە شاری هەولێر لەوپەڕی خراپیدایە، بەڵام ئەو ئاستەی كە ئێستا هەیە لە سایەی یانەی وەرزشی هەولێرەوە ماوە، هەولێر تاكە یانەیە لەسەر ئاستی كوردستان كە گرنگی بەم یارییە دەدات، بەڵام داخەكەم كە ئێستا یانەكەمان لە بارودۆخێكی خراپی داراییدایە.
* پێتوایە بۆ بەرەو پێشبردنی ئەم یارییە دەبێت چی بكرێت؟
-دەبێت بایەخی تەواو بە ئاستی یاریزانانی تەمەن بچووك بدرێت و چەندین هۆڵی تایبەت بەم یارییە بكرێتەوە لە شارەكانی كوردستان و گرنگی تەواو بە كەل و پەلی ئەم یارییە بدرێت و پێداویستییەكانیان دابین بكرێت.
* ماوەیەكە ناتبینین لە كوردستان، هۆكاری چییە؟
- من لە كوردستان دەژیم، بەڵام ماوەیەكە بارودۆخی دارایی هەرێمی كوردستان زۆر خراپ بووە، منیش وەكو یاریزان ماوەی دوو ساڵە هیچ مووچەیەكم لە یانەی وەرزشی هەولێر وەرنەگرتووە، جگە لەو مووچەیەی لە وەزارەت وەری دەگرم كە زۆر كەمە، چونكە بڕوانامەم نییە، هەر ناكرێت لێرە باسی كەمییەكەی بكەم، بۆیە من دەبێت بۆ بژێوی ژیانی ماڵ و منداڵم كار بكەم و وەرزشیش بكەم، ئێستاش لە دەرەوەی هەرێم كاردەكەم.
* دەڵێن بوویتە راهێنەری كچانی ئۆكرانیا ئەوە تا چەند راستە؟
-من وەكو راهێنەر لەگەڵ تاكە كچێكی یاریزانی هەڵبژاردەی ئۆكرانیام كە ماوەی سێ ساڵە ئەم ئەركەم لە ئەستۆیە و توانیومە ئاستی زۆر بەرز بكەمەوە و چەندین مەدالیای بۆ بەدەستبهێنم، لەوانە مەدالیای وڵاتانی ئەوروپا و بەشداریش دەكات لە پاڵەوانیتی جیهان، ئێستاش ئەم یاریزانە بڕوانامەی ماجستێری لە یاری بەرزكردنەوەی قورسایی لەسەر ئاستی لوتسك بەدەستهێناوە، لەگەڵ ئەم یاریزانەش هاوسەرگیریمان كردووە و خاوەنی منداڵێكین.
* ئەی لەگەل یانەی هەولێر بەردەوامی؟
- بەڵێ وەكو یاریزان و راهێنەریش هاوكاری یاریزانەكانی ئەو یانەیە دەكەم.
* بەرنامەت بۆ داهاتووی خۆت چییە ؟
- ئامادەكاری دەكەم بۆ بەشداریكردن لە پاڵەوانێتی عێراق و دەمەوێ ئەنجامێكی باش بەدەستبهێنم.
* هیوا و ئاواتت لەم یارییە چییە؟
-هیوام زۆرە، بەڵام بەداخەوە نەهاتەدی و نایەتەدی .
* گرفتی ئەم یارییە زیاتر لە چیدا رەنگ دەداتەوە؟
-نەبوونی هۆڵێكی تایبەت بە یارییەكانی بەرزكردنەوەی قورسایی و نەبوونی كەل و پەلی یارییەكان و نەبوونی پاڵپشتی لە یانەكان، ئەوانە هەمووی گرفتن لەم یارییە.
* بڕیارت نەداوە قوتابخانەیەكی پێگەیاندنی یاریزانان دروست بكەی؟
-بەداخەوە كە وەزارەت و لێژنەی ئۆڵۆمپی و یانەكان نەتوانن ئەو یارییە لە خۆ بگرن، من چۆن دەتوانم قوتابخانەی پێگەیاندنی یاریزانان بكەمەوە؟
* بە چ یاریزانێك سەرسامی؟
- بە هەموو یاریزانێكی بەرزكردنەوەی قورسایی سەرسامم، چونكە ئەوان هەمووی پاڵەوانن .
* ئەگەر شتێكت ماوە دەتوانی باسی بكەی؟
- سوپاس بۆ هەموو ئەو راهێنەرانەی مەشقیان پێداوم و سوپاس بۆ بەڕێز سابیر تاهیر، هەردەم پاڵپشتی یاری بەرزكردنەوەی قورسایی بووە، سوپاس بۆ گۆڤاری گوڵانی خۆشەویست كە بەردەوام هاوكاری یاریزانانی كردووە بۆ ئەوەی تواناكانیان پێشانی هەموو لایەك بدەن.
