هەولێر دوای ئامادەكاری بۆ یارییەكەی ئاهال ئەنجام دا

هەولێر دوای ئامادەكاری بۆ یارییەكەی ئاهال ئەنجام دا
رۆژی سێشەممە لە هۆتیلی گراند لە عاشق ئەباد-ی پایتەختی توركمانستان كۆنگرەی رۆژنامەنووسی و هونەری یارییەكەی هەولێر و ئاهال توركمانستانی ئەنجامدرا.
لە كۆنگرە هونەرییەكە بەفەرمی كاتی یارییەكە دەستنیشانكرا، كە كاتژمێر 3ی ئێوارە لە یاریگەی عەشق ئەباد ئەنجام دەدرێت و یارییەكە دەستەی ناوبژیوانی بەحرێنی بەرێوە دەبات، كە پێكهاتووە لە (جەمیل جومعە، سەید جەلال، ئەحمەد جابر) و ناوبژیوانی چوارەم فەراس تەویل لە سوریایە، لەم یارییەدا یانەی هەولێر بە درێسی زەرد یاری دەكات و یانەی ئاهال بە درێسی كەسك یاری دەكات.
دواتر لە هەمان شوێن كۆنگرەی رۆژنامەنووسی یارییەكە ئەنجام درا.
لە یانەی هەولێر راهێنەر ئەیوب ئۆدیشۆ و میران خەسرەو ئامادەی بوون.
سەرەتا ئەیوب ئۆدیشۆ سەبارەت بە یانەی ئاهال گوتی: زانیارییەكی زۆرم لەسەر ئەم یانەیە نییە بەهۆی نەبوونی یاری راستەوخۆ و هەروەها دووری نێوان عێراق و توركمانستان، بەڵام توانیم سەیری چەند گرتیەكی ڤیدیۆ-ی یاری ئاهال و ئیستقلال بكەم دەتوانم بلیم خاوەنی چەندین یاریزانی بە توانایە و ئەم یانەیە هیوادارە ئاستێكی باش پێشكەش بكات بۆیە بردنەوە لەم یارییە زۆر گرنگە بۆ ئەوەی دووبارە بگرێنەوە نێو ركابەری لەم كۆمەڵەیە هەرچەندە یانەی قادسیە كوەێتی تا ئێستا سەركەوتنی مسۆگەر نەكردووە و تۆپی پێی بە پێی چەند یاساییەك دەروات، كە شتی زۆر چاوەڕوانەكراو روودەدات.
دواتر میران خەسرۆ سەبارەت بە یارییەكە گوتی: ئەم یارییە زۆر گرنگە بۆ یانەكەمان بۆ ئەوەی متمانەی بەخۆمان درووست بكەینەوە و بگرێنەوە نێو كەش و هەوای ركابەریكردن لەسەر بە دەستهێنانی یەكێك لە بلیتەكانی سەركەوتن دەتوانم بلییم شارەزاییەكی باشمان لەسەر چۆنیەتی یاریكردنی تیپی بەرانبەر هەیە، هەرچەندە لەم یارییە دوو یاریزانی گرنگ یاری ناكەن، بەڵام ئێمە هەوڵ دەدین قەرەبووی یارینەكردنی ئەم دوو یاریزانە بكەینەوە و بە سێ خاڵی یارییەكە بگرێنەوە هەولێری پایتەخت.
دواتر یانەی هەولێر لە یاریگەی سەرەكی یارییەكە دواین یەكەی مەشقی خۆی ئەنجام دا، كە ماوەی یەك كاتژمێری خایاند.
جێگەی باسە لەم یارییەدا بەشێوەیەكی فەرەمی هەردوو یاریزان سەعد عەبدولئەمیر و نەدیم سەباغ بەهۆی وەرگرتنی دوو كارتی زەرد بەشداری ناكەن و هەروەها یاریزان یونس مەحمود بەهۆی بوونی كێشەی دەستبەرداربوونی نێوددەوڵەتی بەشداری لەم یارییە ناكات.
رێبین رەمزی - عەشق ئەباد - توركمانستان
Top