لەگەڵ نزیكبوونەوەی بە كۆتاهاتنی وەرزی ئەمساڵی خوولەكانی وڵاتانی ئەوروپا یانەكان كەوتوونەتە جموجۆڵ بە ئاشكرا و بەنهێنی بۆ بەدەستهێنانی ئەو یاریزانانەی ئارەزوو دەكەن بیانبەنە ریزی تیپەكەیان. ئەمەو هەریەك لە یانەكانی ئەرسناڵ و لیڤەرپول و مانچستەر یونایتد دەیانەوێت لە وەرزی گواستنەوەی هاوینە پیدرۆ رۆدرێگزی یاریزانی ئیسپانی یانەی بەرشلۆنە بۆ خۆیان مسۆگەر بكەن. لەمبارەیەوە رۆژنامەی دەیلیستاری ئینگلیزی بڵاویكردۆتەوە هەرسێ یانە ئینگلیزییەكە مكوڕن لە سەر واژووكردنی گرێبەست لەگەڵ ئەو یاریزانە، چونكە دركیان بەوە كردووە ئەم یاریزانە لەماوەی رابردوو دەناڵێنێت بەهۆی كەم بەشداری پێكردنی لە یارییەكان بەشێوەیەكی سەرەكی. هەروەها رۆژنامەكە روونیشی كردۆتەوە ئەو یاریزانە لە كۆتایی وەرزی ئەمساڵ هەڵوێستی خۆی یەكلادەكاتەوە لە ئەگەری مانەوەی، یاخود رۆیشتنی لە یانە كەتەلۆنییەكە و خۆشحاڵی خۆیشی نیشانداوە بە پێشكەش كردنی ئەو بۆندانەی لەلایەن یانەكانەوە ئاڕاستەی دەكرێت.
لەلایەكی دیكەوە راپۆرتە رۆژنامەوانییەكان رایانگەیاند یانەی مانچستەر یونایتد ئامادەیە پڕۆژەیەكی گۆڕینەوە لەگەڵ یانەی بەرشلۆنە ئەنجامبدات بە رۆیشتنی یاریزان ئەنخیل دی ماریا بۆ یانەی ناوبراو لە بەرامبەردا یاریزان پیدرۆ بێتە ریزی شەیتانە سوورەكان، پێشتریش یانەی بەرشلۆنە نرخی ئەو یاریزانەی بە 30 ملیۆن یۆرۆ خەمڵاندبوو .