كۆنگرەی رۆژنامەنووسی و هونەری یارییەكی هەولێر و قادسیە ئەنجامدرا

كۆنگرەی رۆژنامەنووسی و هونەری یارییەكی هەولێر و قادسیە ئەنجامدرا
دوای ئەوەی یانەی هەولێر رۆژی دووشەممە لە رێگەی فرۆكەخانەی قەتەر گەیشتە شاری دوحە پایتەختی قەتەر و لە هۆتێل ماریۆت نیشتەجێبوو، رۆژی سێشەممە لە هۆتێل میللینیوم كۆنگرەی هونەری و رۆژنامەنووسی ئەنجامدرا.
لە كۆنگرەی هونەریدا بەفەرمی كاتی یارییەكە سەپێندرا، كە كاتژمێر 6ی ئێوارە بە كاتی هەولێر لە یاریگەی لخویا ئەنجام دەدرێت و یارییەكە دەستەی ناوبژیوانی ئێرانی بەرێوە دەبات و سەرپەرشتیاری یارییەكە لە سوریایە و سەرپەرشتیاری ناوبژیوانان لە سعودیە و یانەی هەولێر بە درێسی زەرد یاری دەكات و یانەی قادسیە بە درێسی رەش یاری دەكات.
دواتر لە هەمان شوێن كۆنگرەی رۆژنامەنووسی ئەنجامدرا، لەم كۆنگرەیەدا راهێنەری یانەی قادسیە ئەنتۆنیۆی ئیسپانی باسی لە گرنگی یارییەكە كرد و گوتی: یانەی هەولێر تیپێكی بەهێزە و خاوەنی چەندین یاریزانی بە توانایە و ئێمە چەندین یاریزان بە هۆی پێكان یاری ناكەن، بەڵام ئامانجی ئێمە سەركەوتنە.
دواتر یاریزانی پیشەگەری سویسری دانییل سەبارەت بە یارییەكە گوتی: لە یاری كۆتایی رووبەرووی یانەی هەولێر بووینەوە ئەم یانەیە خاوەنی یاریزانی بە توانایە بە تایبەتی لە هێڵی بەرگری، بەڵام ئەمجارە بە دڵنیاییە نابێتە بەربەست بۆ تۆماركردنی گۆڵ شتێكی گرنگ هەیە، كە ئێمە پاڵەوانی وەرزی رابردووی جامی یەكێتی ئاسیا-ین بۆیە هەموو یانەكان هەوڵی سەركەوتن دەدەن، ئێمەش ئامانجمان پاراستنە لە نازناوی پاڵەوانێتیەكە.
دواتر راهێنەری یانەی هەولێر ئەیوب ئۆدیشە سەبارەت بە یارییەكە گوتی: هەردوو یانە چەندین خاڵی هاوبەشیان هەیە، لەوانە ئەنجامیان وەكو پێویست نییە لە خولەكانی ناوەخو و هەردوو یانە لە یەكەم یاری سەركەوتنیان بە دەستهێناوە و هەردوو یانە ئامانجیان نازناوەكەیە و هەردوو یانە لە رێگەی خولەكانی ناوەخۆ خۆیان بۆ ئەم پاڵەوانێتیە ئامادە كردووە، بەڵام ئێمە هەوڵ دەدین سەركەوتن تۆماربكەین بۆ ئەوەی هەنگاوێكی گەورە بۆ قۆناغی داهاتوو ببەرین، هەرچەندە حەزم دەكرد ئەم یارییە لە یاریگەی شەهید فرەنسۆ هەریری ئەنجام بدرایە، چونكە هاندەر دەبوونە پاڵپشت بۆ یاریزانان.
پاشان سەرهەنگ موحسین یاریزانی هەولێر سەبارەت بە یارییەكە گوتی: هەموو یاریزانەكان لە ئامادە باشی دان بۆ بەدەستهێنانی سەركەوتن و هیچ یاریزانێك تووشی پێكان نەهاتووە، بۆیە هەوڵ دەدین بە ئەنجامێكی دلخۆشكەر بگەرێنەوە هەولێری پایتەخت، هەرچەندە ئێمە دوور لە هاندەران و یاریگەی خۆمان یاری ئەنجام دەدەین، كەچی ئەمە نابێتە رێگر لە بەردەم یاریزانان بۆ پێشكەشكردنی ئاستێكی بەرز لەم یارییە.
جێگەی باسە رۆژی چوارشەممە كاتژمێر 6ی ئێوارە یانەی هەولێر رووبەرووی یانەی قادسیە-ی كوەێتی دەبێتەوە لە چوارچێوەی یارییەكانی جەولەی دووەمی كۆمەڵەی سێیەمی جامی یەكێتی ئاسیا.
رێبین رەمزی - قەتەر
Top