لە خولی نایابی عێراق ھەشت یانە بۆ چوار گۆشەی زێڕین سەردەکەون

لە خولی نایابی عێراق ھەشت یانە بۆ چوار گۆشەی زێڕین سەردەکەون
لەگەڵ ئەوەی یەکێتیی تۆپی پێی عێراقی ئەم وەرزە بڕیاری دەستپێکردنی خولی نایابی یانەکانی عێراقی دا بە بەشداریی بیست یانەی پارێزگاکانی عێراق کە دابەشکرابوون بەسەر دوو کۆمەڵەوە لە ھەر کۆمەڵەیەکیش دە یانە بەشدارن و یارییەکانیان بە دوو قۆناغ بەڕێوەدەبرد، ئێستاش یارییەکانی بەردەوامە لە نێوان یانە بەشداربووەکان، یەکێتیی تۆپی پێی عێراقیش بڕیاری ئەوەی داوە لە ھەر کۆمەڵەیەک چوار یانە سەرکەوێت بۆ خولی بژاردە لە چوار گۆشەی زێڕین. لەو بارەیەوە کامل زغیر ئەندامی یەکێتیی ناوەندیی تۆپی پێی عێراقی ئەوەی ئاشکرا کرد کە لە دوایین کۆبوونەوەی یەکێتیی ناوەندیی تۆپی پێی عێراقی بڕیاری ئەوەیان داوە کە لە ھەر کۆمەڵەیەک لە خولی نایاب چوار یانە سەرکەوێت بۆ یارییەکانی چوار گۆشەی زێڕین دواتریش ئەوان دەبنە ھەشت و یارییەکان ئەنجام دەدەن، لە بارەی خولی پلە یەکیش گوتی: "لە ھەر کۆمەڵەیەک یەک تیپ سەردەکەوێت بۆ خولی پلە نایابی عێراق"، لەبارەی یانەی سلێمانیش کە بەھۆی کێشە داراییەکانەوە پاشەکشەی کرد لە خولی نایابی عێراقی گوتی: "یانەی سلێمانی چونکە خولی عێراقی تەواو نەکردووە بەھۆکاری مادییەوە ئێمە بەفەرمی ئەوانمان دابەزاندووە بۆ ریزی یانە پلە یەکەکانی عێراقی بەپێی بڕیاری یەکێتییەکەمان ئەوەیش کە ھەر یانەیەک پاشەکشە بکات، سزاکەی دابەزینە بۆ خولێکی تر".
یەکێتیی تۆپی پێی عێراقی ھەر چەندە گرفتی داراییی ھەیە لەگەڵ ھەرێمی کوردستان، بەڵام ھەریەک لە یانەکانی ھەولێرو دھۆک و زاخۆ بەشدارن وەکو نوێنەری یانەکانی کوردستان یارییەکانی خۆیان لە خولەکە ئەنجام دەدەن .
Top