تیری هینری پێشبینی پاڵەوانی ئەم وەرزەی چامپیۆنزلیگ دەكات
ئەمەو لەمیانی لێدوانێكی بۆ كەناڵی سكای سپۆرت هینری گوتی: «پێشبینی دەكەم یانەی چێلسی ئینگلیزی بەهێزترین پاڵێوراو بێت بۆ بەدەستهێنانی جامی چامپیۆنسلیگ، چونكە ئەو تیپە لەسەر دەستی مۆرینهۆی راهێنەر ئاستێكی بەرز و باش پێشكەش دەكات و توانی لەماوەی رابردوو جامی یەكێتی پیشەگەرانی وڵاتەكەی بەدەستبهێنێت دوای ئەوەی لە یانەی تۆتنهامی بردەوە. هەروەها هینری روونیكردەوە یانەكانی بایرەن میونشن و ریال مەدرید و بەرشلۆنە نزیكترین ركابەری یانەی چێلسی ئینگلیزین، بەڵام بە بڕوای هینری چێڵسی سەرجەم نازناوەكان دەباتەوە، چونكە پاڵنەرێكی بەهێزیان هەیە. لە كۆتایی قسەكانیدا ئەو ئەستێرەیەی پێشووی هەڵبژاردەی فەرنسا ئاماژەی بۆ ئەوەكرد چێڵسی دەتوانێت بەربەستەكانی یانەی پاریس سانجێرمان ببڕێت و ریال مەدریدیش یەكێكە لەو تیپانەی پاڵێوراوە بۆ بردنەوەی نازناوەكە پێشبینیش دەكرێت یانەی شاهانە بگاتە یاری كۆتایی كە لە شاری بەرلین ئەنجامدەدرێت.
جێگەی ئاماژەپێكردنە تیری هینری یەكجار نازناوی چامپیۆنزلیگی بەدەستهێناوە ئەویش لە ساڵی 2009 بوو لەگەڵ یانەی بەرشلۆنە كاتێك توانیان لە یاری كۆتایی لە یانەی مانچستەر یونایتد بە دوو گۆڵی بێبەرامبەر ببەنەوە.
