مشتومڕ لەبارەی كاتی ئەنجامدانی مۆندیالی 2022 بەردەوامە

مشتومڕ لەبارەی كاتی ئەنجامدانی مۆندیالی 2022 بەردەوامە
یــەكــــێتی خوولەكانی پیشەگەران بۆ تۆپی پێ لە ئەوروپا پێشنیاری یەكێتی نێودەوڵەتی فیفای رەتكردەوە بەئەنجامدانی پاڵەوانیەتی جامی جیهانی 2022ی قەتەر لەماوەی نێوان 19ی تشرینی دووەم بۆ 23 ی كانوونی یەكەمی ئەو ساڵەدا، چونكە ئەمە دەبێتە هۆی زیان گەیاندنێكی زۆر بە رێرەوی خوولەكانی ناوخۆی وڵاتانی ئەوروپا. هەروەها یەكێتی خوولەكانی پیشەگەران بۆ تۆپی پێ لە ئەوروپا روونیكردەوە كە یەكێتی نێودەوڵەتی تۆپی پێ( فیفا) لەمیانی كۆبونەوەی رۆژی 24/2/2014 كە لە دەوحەی پایتەختی قەتەر بەڕێوەچوو بوو پێشنیاری كردبوو خولەكان و یانەكان پابەندبن بەچارەسەرێك بۆ ئەوەی جامی جیهانی 2022 لە مانگی ئایار بەڕێوەبچێت. هەروەها یەكێتی ناوبراو دووپاتیكردەوە كە ئەم پێشنیارە دوای لێكۆڵینەوە و بەدواداچوونێكی زۆر هات لەمەر خراپی كەش و هەواو بەڕێوەچوونی یارییەكان لەكەشێكی گونجاو بۆ یاریزانان و هاندەران. هەروەها لەلایەن خۆیانەوە كۆمەڵەی كاری فیفا كە خشتەی ساڵنامەی تۆپی پێی نێو دەوڵەتی ماوەی نێوان ساڵانی 2018 – 2024 ئامادەكەن پێشنیاریان كردوە مۆندیالی 2022 لە كۆتاییەكانی تشرینی دووەم تا كۆتاییەكانی كانوونی یەكەم بەڕێوەبچێت، چونكە ئەم كاتە بەگونجاو دەزانن بۆ بەڕێوەچوونی ئەم رووداوە وەرزشییە. لەلایەكی ترەوە كۆمەڵەی كار پێشنیاریان كردووە جامی كیشوەرەكان لە 2021 لەوڵاتێكی دیكە بەڕێوەبچێت لەجیاتی وڵاتی قەتەر و لەبەرامبەردا میوانداری جامی جیهانی یانەكان بە وڵاتی قەتەر بدرێت وەك رووداوێكی وەرزشی بۆ تافیكردنەوەی جامی جیهان لە كانوونی یەكەمی 2021. پێویستە بوترێت یەكێتی تۆپی پێی ئەوروپا (یویفا) و یەكێتی یاریزانانی نێودەوڵەتی (فیفبرۆ) رایانگەیاندبوو كە لەسەر گۆڕینی كاتی بەڕێوەچوونی جامی جیهانی 2022 لەوەرزی هاوینەوە بۆ وەرزی زستان رەزامەندییان نیشانداوە.
Top