لەگەڵ ئەوەی یانەی هەولێر تەنیا ماوەیەكی كورتی لە پێش ماوە بۆ بەشداریكردن لە یارییەكانی جامی یەكێتیی یانەكانی ئاسیا كە بڕیارە یارییەكانی لە مانگی داهاتوو یارییەكانی بەڕێوە بچێت، بەڵام لە ئێستادا یانەی هەولێر قەرزارە و بڕی گرێبەستی یاریزانان خۆی نەداوە جگە لە مووچەی ئاسایی یاریزانەكان نەبێت، ئەو بڕە پارەیەی كە بڕیارە لە شاری بەغداوە بگاتە دەستی یانەكە تەنیا بەشی خەرجی یارییەكانی یانەكە دەكات لە دەرەوە هیچ بڕە پارەیەك نامێنێـتەوە بۆ دابین كردنی بڕی گرێبەستەكان، لەم بارەشەوە مەحمودعەزیز جێگری سەرۆكی یانەی وەرزشی هەولێر بە گۆڤاری گوڵانی راگەیاند گوتی: «گرێبەستی هیچ یاریزانێكمان نەداوە، تەنیا مووچەی مانگانەمان بۆیان دابین كردووە لەو داهاتەی كە هەمانە، گرێبەستی پار 70%مان نەداوە، هی ئەمساڵیش هیچمان نەداوە و نزیكەی 4بۆ5ملیار قەرزارین». لەبارەی راگرتنی یاریزانەكانیش گوتی: «ئێمە قسەمان لەگەڵیان كردووە، ئەوەی بڕوات ئازادە ریزی یانەكەی جێبهێڵێت، ئێمەش پارەی ئەوان دەدەین، بەڵام ئەمە بارودۆخەكەیە و بێ پارەییە كە هەموو یانەكانی عێراقیشی گرتۆتەوە و ئێمەش زیاتر لە 4ملیار دینار قەرزارین لە یانەی هەولێر ئەوهاش بڕوات رۆژ بە رۆژ بڕی قەرزەكانمان زیاتر دەبێت لەسەرمان». سەبارەت بە (جامی ئاسیا) ش عەزیز گوتی: «هیچ بەرنامەی ئامادەكاریمان نییە بۆ جامی ئاسیا، چونكە ئەم ماوەیە چەند یارییەكمان هەیە لە خولی عێراقی دواتر دەچینە نێو كێبڕكێیەكانی جامی ئاسیا و كاتی ئەوەمان نییە و بۆ ئەم بارودۆخەش پارە نییە».