كۆڤان حەسەن چاوی لە ژمارەی پێوانەییە

كۆڤان حەسەن  چاوی لە ژمارەی پێوانەییە
بەمەبەستی بەشداریكردن لە پاڵەوانێتیی ئیمارات لەسەر ئاستی وڵاتانی جیهان بۆ یاریزانانی خاوەن پێداویستی تایبەت بە یارییەكانی گۆڕەپان و مەیدان، كۆڤان حەسەن كوڕە یاریزانی كوردی ریزی هەڵبژاردەی خاوەن پێداویستی تایبەتی هەڵبژاردەی عێراق ماوەی زیاتر لە دوو هەفتەیە لە شاری هەولێری پایتەختی كوردستان لە مەشقی بەردەوامدایە بە ئامانجی بەدەستهێنانی ئەنجامی شایستە لەم پاڵەوانێتییە دەستەبەركردنی ژمارە پێوانەییەكان و شكاندنی ئەنجامی گەورە لەم پاڵەوانێتییە كە لە شاری دوبەی وڵاتی ئیمارات بەڕێوەدەچێت و بۆ ماوەی دە رۆژ بەردەوام دەبێت، كۆڤانیش لە یارییەكانی قورسایی و رم و هەڵدانی دیسك بەشداری یارییەكان دەكات، لەبارەی ئامادەكارییەكانیش كۆڤان حەسەن یاریزانی كوردی هەڵبژاردەی عێراق بۆگۆڤاری گوڵان راگەیاند گوتی: «ئێمە رۆژانە مەشقێكی چڕمان ئەنجامداوە بەسەرپەرشتیی راهێنەری تایبەتی خۆم و ئامانجم بەدەستهێنانی ئەنجامی شایستەیە لەم پاڵەوانێتییە، چونكە ژمارەیەك یاریزانی پاڵەوانی جیهانی بەشداری تێدا دەكەن، ئێمەش چاومان لەوەیە كە ناوی عێراق و كوردستان بەرز بكەینەوە، من گرفتم نییە و تەنیا یاریزانی كوردم لە ریزی هەڵبژاردەی عێراق شانازییەكی زۆریش بە كوردبوونی خۆم دەكەم، بەهیوای ئەوەم وەكو پاڵەوانێتییەكانی دیكە ژمارەی پێوانەیی بشكێنم و بەناوی خۆمی بكەم، هەر چەندە ماوەی پاڵەوانیتیەكە دە رۆژ دەخایەنێ و منیش لە سێ یاریی جۆراوجۆر بەشدار دەبم، بەڵام ئامادەكارییەكانم وەكو پێویستە و ترسم لە هیچ نییە و دەتوانم ناوی كوردستانیش بەرز بكەمەوە، بڕیاریشە رۆژی چوارشەممە ئەم پاڵەوانێتییە دەست پێبكات .
Top