رێناز سەعید یاریزانی گۆڕەپان و مەیدان: كچانی سلێمانی پێشەنگن لە یارییەكانی گۆڕەپان و مەیدان
ديمانە: كارزان كانەبی
* چۆن بوو هاتیتە نێو دنیای یاریی گۆڕەپان و مەیدانەوە؟
- بەر لە هەموو شتێك من خولیایەكی زۆرم هەبووە بۆ وەرزش، وەكو هەموو یاریزانێكیش سەرەتا لە قوتابخانەكانەوە دەستم بە وەرزش كردووە تاكو ئێستاش هەر بەردەوامم لە نێو یارییەكانی گۆڕەپان و مەیدان.
* ئاستی یاریی گۆڕەپان ومەیدان لە كوردستان بەگشتی چۆن دەبینی؟
- یاریی گۆڕەپان و مەیدان لە ئاستێكی باش دایە لە شارەكانی كوردستان، چونكە بەرپرسانی یانەكان لە هەرێمی كوردستان گرنگیی باش بە تواناكانی یاریزانانی خۆیان دەدەن و چەندین یاریزانی بەتوانامان كۆنتڕۆڵی هەڵبژاردەی عێراقیان كردووە، ئەوەش بەڵگەیە كە لە هەرێمی كوردستان ئەم یارییە لە ئاستێكی بەرزدایە.
* ئەی ئەم یارییە لە شاری سلێمانی لە چ ئاستێكدا دەبینی كە سلێمانی هەموو كات خاوەن یاریزانانی بەتوانا بووە؟
- شاری سلێمانی هەموو كات بەوە بەناوبانگ بووە كە خاوەنی چەندین یاریزانی بەتوانایە لەسەر ئاستی پارێزگاكانی عێراق، منیش وەكو كچە یاریزانێكی شاری سلێمانی بە پایتەختی یاریی گۆڕەپان و مەیدانی دەزانم، ساڵ بە ساڵیش یاریزانی باشتری لێ دروست دەبێت بۆیە بە قوتابخانەی پێگەیاندنی یاریزانانی دەزانم.
*پێت باشە بۆ بەرەوپێشبردنی ئەم یارییە لە كوردستان چی بكرێت؟
- ئەگەر بمانەوێ ئاستی یارییەكانی گۆڕەپان و مەیدان بەرەوپێش بچێت، دەبێت پێش هەموو شتێك یاریگای باش و مۆدێرن هەبێت، بەگشتی ئاستی ئەم یارییەش باشە، دەكرێ باشتریش بكرێ بە هاوكاریكردنی یاریزانان و كردنەوەی پاڵەوانێتیی زیاتر لەلایەن بەرپرسانەوە.
* باشترین ئەنجامە باشەكانت وەكو یاریزان چی بوون؟
- چەندین ئەنجامی باشم لەسەر ئاستی كوردستان و عێراق بەدەستهێناوە لە یارییەكانی گۆڕەپان و مەیدان و یارییەكانی ماڕاسۆن.
* بەرنامەت چییە ؟
- لە ئێستادا مەشقەكانمان چڕكردۆتەوە بۆ ئەوەی بتوانم بە شێوەیەكی باشتر بۆ پاڵەوانێتییەكان خۆم ئامادە بكەمبە پشتیوانیی راهێنەری بەتوانا دكتۆر حامد.
* كێشەو گرفتتان لەم یارییەدا چییە؟
- گەورەترین گرفتی ئێمە نەبوونی یاریگایەكی تایبەتە بە یارییەكانی گۆڕەپان و مەیدان بۆ ئێمەش گرفتە كە زیاتر لە شوێنە گشتییەكان مەشقەكانمان ئەنجام دەدەین ئەوەش بۆ ئێمە كاریگەری دەبێت لەسەرمان.
* لە خێزانەكەت هیچ كەسێكتان وەرزشوانە؟
- نەخێر، چونكە تەنیا من خولیام هەیە بۆ وەرزشكردن، بەڵام ئەوان پشتیگری من دەكەن بۆ بەردەوامبوونم لە وەرزشكردن.
* خانەوادەكەت رێگری لە وەرزش كردنت ناكەن ؟
- نەخێر هیچ كات نەبوونەتە رێگر لەبەردەم بەردەوامبوونم لە وەرزشكردن هەریەك لە دایك و باوكم هێزی زیاترم پێ دەدەن لە وەرزشكردن ئەوان هۆكارن بۆ بەردەوامی من لە نێو جیهانی وەرزشی.
* هیواو ئاواتت وەكو كچە وەرزشكارێك چییە؟
- بەهیوای ئەوەم بەشداری لە پاڵەوانێتییەكی نێودەوڵەتی بە ناوی وڵاتی كوردستان بكەم و خەونەكەشمان بێتەدی كە كوردستان ببێتە دەوڵەت.
* یانەی سیروانی نوێ هاوكاریتان دەكەن؟
- بەڵێ بەپێی توانای خۆیان هاوكاری بەردەوامی ئێمەن لە وەرزشكردن و ئەوان هۆكارن بۆ پێشكەوتنی ئاستی ئێمە .
* بە چ یاریزانێك سەرسامیت؟
- بە كچە یاریزانی بەتوانای وڵاتی شیلی ئانجل كە بەهیوای ئەوەم بگەمە ئاست و توانای ئەو لە یاریی گۆڕەپان و مەیدان.
* جگە لە یاریی گۆڕەپان و مەیدان چ یارییەكی دی ئەنجام دەدەی؟
- هیچ یارییەكی دیكە ئەنجام نادەم، بەڵام شارەزاییم لە زۆربەی یارییەكانی وەرزشی هەیە.
* ئەگەر شتێكت ماوە لە كۆتاییدا؟
- سوپاس بۆگۆڤاری گوڵان كە بەردەوام هاوكاریی وەرزشكاران دەكەن لە شارەكانی كوردستان بەبێ جیاوازی.
