دوای ئەوەی بۆ ماوەیەك یانەی سلێمانی تیپەكەیان راگرتبوو لە بەشداریكردن لە خولەكان، بۆ زیاتر بەهێزكردنی ریزی پێكهاتەی یانەكەی لە خولی تۆپی سەرمێزی یانەكانی كوردستان و نایابی عێراق كە بڕیارە یارییەكانی لە داهاتوو بەڕێوەبچێت، دەستەی كارگێڕیی یانەی سلێمانی گرێبەستی لەگەڵ چوار یاریزانی تۆپی سەرمێز مۆركرد بۆ پاراستنی نازناوی خولەكانی كوردستان و عێراق لەم وەرزە، یانەی سلێمانی لەم وەرزەش چاوی لە بەدەستهێنانی ئەنجامی گەورەیە لەسەر ئاستی عێراق، بۆیە دەستەی كارگێڕیی یانەكە بەفەرمی بڕیاری دا بە مۆركردنی گرێبەست لەگەڵ هەریەك لە یاریزانان (عومەر ئەیاد،سەیفەدین فەتاح، حوسێن عومەر، سەیوان جەمال) گرێبەستی ئەم چوار یاریزانە تەنیا بۆ یەك وەرزە و بۆ هەردوو خولی نایابی عێراق و كوردستانە، لە بارەی مۆركردنی ئەو یاریزانانەش بێوەی ئەحمەد ئەندامی دەستەی راگەیاندنی یانەی وەرزشی سلێمانی بۆگۆڤاری گوڵان گوتی: «ئێمە بۆ بەهێز كردنی تیپی تۆپی سەرمێزی یانەكەمان لە هەردوو خولی عێراق و كوردستان گرێبەستمان لەگەڵ هەریەك لە یاریزانان (عومەر ئەیاد،سەیفەدین فەتاح، حوسێن عومەر، سەیوان جەمال) مۆركردووە بۆ ئەوەی بتوانین ئەمساڵیش پاڵەوانی عێراق و كوردستان بین كە دوای ئەوەی بڕیاری ئەوە دراوە ئەم وەرزە هیچ یاریزانێكی پیشەگەر لە خولی عێراقی بەشدار نەبێت ئەگەر بڕیاری هێنانی یاریزانانی پیشەگەریش درا، ئێمە بەنیازی ئەوەین یاریزانێكی پیشەگەریش بهێنین، بەڵام دڵنیاین بە هێنانی ئەو یاریزانانە دەتوانین ئەنجامی گەورە بەدەستبهێنین لەسەر ئاستی عێراق و كوردستان، لە بارەی بڕی گرێبەستەكانیشیان گوتی: «نامانەوێ بڕی گرێبەست و مووچەیان ئاشكرا بكرێت، ئەوە پەیوەستە بە یانەكەمان، بەڵام ئەوانیشمان بێ ئومێد نەكردووە و گرێبەستمان بۆیان دابین كردووە، ئامانجی یانەی سلێمانیش لەم وەرزە چنینەوەی نازناوەكانی كوردستان و عێراقە، بۆیە چاومان لە ئەنجامی گەورەیە لەسەر ئاستی عێراق و كوردستان».