بێلان نەجات یاریزانی گۆڕەپان و مەیدان: پێویستە گرنگیی زیاتر بە یاریزانە تەمەن بچووكەكان بدرێت

بێلان نەجات یاریزانی گۆڕەپان و مەیدان: پێویستە گرنگیی زیاتر بە یاریزانە تەمەن بچووكەكان بدرێت
تیپی گۆڕەپان و مەیدانی كچانی یانەی هەولێر بە یەكێك لە یانە بەهێزەكانی سەر ئاستی كوردستان و عێراق هەژمار دەكرێت، بەوەش بە ناوبانگە كە بەردەوام چەندین یاریزان لەم تیپە دروست دەبێت و قوتابخانەیەكی بەهێزە بۆ پێگەیاندنی یاریزانانی كچ لە یارییەكانی گۆڕەپان و مەیدان لە راكردنە جیاوازەكان، یانەكە لە ئێستادا رۆژانە خەریكی ئامادەكارییە بۆ پاڵەوانێتییەكانی داهاتوو و چەندین یاریزانی ئاستبەرزیش رۆژانە مەشقەكانی خۆیان ئەنجام دەدەن، یەكێك لە یاریزانە بەتواناكانیش كە پاشەڕۆژێكی باش چاوەڕوانیەتی كچە یاریزان (بێلان نەجات)ـە، ناوبراو لەدایكبووی ساڵی 1995ی شاری هەولێرە، ئێمەش لەم دیمانەیەدا چەند پرسیارێكمان ئاڕاستەی كردووە و بەمجۆرە وەڵامی پرسیارەكانی گوڵانی دایەوە:
ديمانە: كارزان كانەبی

* چۆن بوو لە ناو ئەم هەموو یارییە وەرزشییە ئەم یارییەت هەڵبژارد؟
-ئەوەی راستی بێت من لە تەمەنی منداڵیمەوە حەز و خولیای زۆرم هەبوو بۆ وەرزش بەتایبەتی لە یارییەكانی گۆڕەپان و مەیدان، لە رێگەی قوتابخانەكانیشەوە توانیم توانای خۆم تێیدا ببینمەوە.
*چۆن بوو هاتیتە ریزی یانەی هەولێر؟
- دوای بەشداریكردنم لە پاڵەوانێتیی پەروەردەكان و بەدەستهێنانی ئەنجامی شایستە لەم پاڵەوانێتیەدا لە رێگەی مامۆستا رێبوارەوە توانیم خۆم لە یانەی هەولێر ببینمەوە، بەهیوای ئەوەشم لەگەڵ ئەو یانەیە ئەنجامی گەورە بەدەست بهێنم.
*ئاستی یاریی گۆڕەپان و مەیدان بە شێوەیەكی گشتی لە شارەكانی كوردستاندا چۆن دەبینی؟
- ئاستی ئەم یارییە زۆر باشە و یانەكانی كوردستان گرنگیی باش بەم یارییە دەدەن و لە ئێستادا یانەكان زۆربەیان تیپی كچانیان هەیە، یانەی هەولێریش دەتوانم بڵێم تاكە یانەیە لەسەر ئاستی پارێزگای هەولێر كە تیپی گۆڕەپانی هەبێت، ئێمەش ئاستمان دیارە لە پاڵەوانێتییەكان.
* چی بكرێت بۆ ئەوەی ئاستی ئەم یارییە لە كوردستان زیاتر پێشبكەوێت ؟
- دەبێت زیاتر گرنگی بە یاریزانەكانی تەمەنە بچووكەكان بدرێت، بەردەوام قوتابخانەی پێگەیاندنی یاریزانان و یاریگەی زیاتر بۆئافرەتان بكرێتەوە بۆ ئەوەی زیاتر پەرە بەتوانای خۆیان بدەن، چونكە ئێستا زۆربەی یانەكان یاریگەی تایبەتیان نییە بۆ ئەوەی پەرە بە ئاستی خۆیان بدەن.
*كێشەكانتان لە یانەی هەولێر چین؟
- ئێستا قەیرانی دارایی و نەبوونی مووچە هەموو هەرێمی كوردستانی گرتۆتەوە، ئەگەرنا یانەی هەولێر هەموو هاوكارییەكی ئێمەی كردووە.
*بۆچی ئافرەت لە كوردستان كەم روو لە وەرزش دەكەن؟
- زۆر جار ئافرەت حەز دەكات وەرزش بكات بەهیوای ئەوەیە بتوانێ بەردەوام لە ناو گۆڕەپانەكانی وەرزش بێت، بەڵام رەنگە لە رووی كۆمەڵایەتییەوە بۆی نەگونجێ، هەر بۆیە ئافرەت لە وەرزشكردن كەمتر دەبیندرێ.
*پەیامت چییە بۆ ئەو ئافرەتانەی كە وەرزش ناكەن، یاخود لە وەرزش دوورن بە هەر هۆكارێك بێت؟
- وەرزش هۆكارە بۆ ناساندنی كەسایەتیی هەموو كەسێك، زۆر جار بە وەرزشكردن دەتوانیت بگەیتە لووتكەی نازناوەكان، بەهیوای ئەوەشم ئەوانەی لە وەرزش دوورن، بتوانن تواناكانی خۆیان دەرخەن.
*هیواو ئاواتت وەكو كچە یاریزانێك چییە؟
- بەهیوای ئەوەم لەگەڵ یانەكەم بتوانم باشترین ئاست پێشكەش بكەم لە پاڵەوانێتییەكانی داهاتوو بگەمە ئاستێكی بەرز و ناوی خۆم و یانەكەم بەرز بكەمەوە.
*هیچ كات لەلایەن خانەوادەكەت بۆ وەرزشكردن رێگریت لێ نەكراوە؟
- نەخێر، تاكو ئێستا گرفتی لەم جۆرەم نەهاتۆتە پێش و بگرە ئەوان هۆكارن بۆ بەرەو پێشچوونی ئاستی من.
* لە هەڵبژاردەی عێراق داوا نەكراوی؟
- نەخێر، بەڵام هەوڵدەدەم لە داهاتوویەكی نزیكدا ئەو درێسە بپۆشم.
* ئەی بۆ هەڵبژاردەی كوردستان چی دەڵێیت؟
- بەهیوای ئەوەم ئەم هەڵبژاردەیەش دابمەزرێ و منیش یەكێك بم لە یاریزانانی ئەو هەڵبژاردەیە.
*دەستەی كارگێڕیی یانەكە هاوكاری بەردەوامتان دەكەن؟
-بێگومان هیچ كات كەمتەرخەمییان نەكردووە و هەمیشە لە وەرزشكردنمان پاڵپشتی ئێمە بوون.
* خوێندن نەبۆتە هۆكاری رێگە گرتن لە وەرزشكردنت؟
- نەخێر، بەردەوام هاوسەنگیم راگرتووە لە نێوان وەرزشكردن و خوێندن.
*لە كۆتاییدا ئەگەر شتێكت مابێت بۆ گۆڤاری گوڵان؟
_ سوپاسی گۆڤاری گوڵان دەكەم كە بەردەوام بەبێ جیاوازی هاوكاریی یاریزانان دەكات.
Top