یانەی هەڵۆش دووچاری كێشەی دارایی هاتووە

یانەی هەڵۆش دووچاری كێشەی دارایی هاتووە
هەر چەندە ئەم وەرزە یانەی هەڵۆ ئامانجی بەدەستهێنانی ئەنجامی شایستە و بەدەستهێنانی پلێتی سەركەوتن بوو بۆ خولی نایابی یانەكانی كوردستان و مۆركردنی كۆمەڵێك گرێبەست لەگەڵ یاریزانانی شارەكانی دی، بەڵام ئەم وەرزە یانەی هەڵۆی دەڤەری بارزان بە پێچەوانەی پێشبیینییەكانی یانەكە لە كۆی ئەنجامدانی هەشت یاری تەنیا خاوەنی 6خاڵە و لە پلەی پازدەهەمی ریزبەندیی یانەكان دێت، جگە لەوەی یانەكە دووچاری قەیرانی دارایی هاتووە و گرێبەستی سەرجەم یاریزانان و مووچەی چەند مانگێكی تیپەكەیان نەداوە، لەم بارەشەوە ئەحمەد خەلیل سەرۆكی یانەی وەرزشی هەڵۆ بۆ گۆڤاری گوڵان گوتی: « ئەوەی راستی بێت ئەمساڵ لە رووی داراییەوە بارودۆخی یانەكەمان خراپە و پارەی پێویستمان نییە بۆ بەڕێوەبردنی كاروباری تیپەكەكان، هۆكاری خراپی ئەنجامەكانمان بۆ ئەوەی دەگەڕێتەوە لە هەر یارییەك پێنج بۆ شەش یاریزانمان پێكانیان هەیە، ئەگەرنا تیپێكی باشمان هەیە، بەڵام كە بەم جۆرە بەشدار بین هەر ئەنجامان باش نابێت»، گوتیشی: «ئەمساڵ بڕی گرێبەستی یاریزانانی تیپەكەمان تەنیا 78ملیۆن دینارە، بەڵام تاكو ئێستا هیچ یاریزانێكمان هیچ بڕە پارەیەكی وەرنەگرتووە وەكو گرێبەست ئەوەش مافێكی سروشتی خۆیانە كە داوای برێ گرێبەست و مووچەكانیان بكەن، لەگەڵ ئەوەشدا 85 ملیۆن دیناری پارساڵ قەرزارین و ماوەی دوو مانگەش هیچ بڕە مووچەیەكی یاریزانانمان نەداوە، ئەگەر هەر بەمشێوەیە بێت و هیچ كەسێك هاوكاریمان نەكات، رەنگە نەتوانین بەردەوامبین و بگرە یانەكەشمان تێكدەچێت، چونكە ئێمە ناتوانین بەمشێوەیە وەرزش بكەین وەرزش بە سواڵ كردن بەڕێوە ناچێت، جگە لەم هەموو قەرزارییە لە پار ساڵەوە تاكو ئێستا بڕی 47 ملیۆن دینارم لە پارەی ماڵی خۆم دەرهێناوە بۆ ئەوەی تیپەكەمان بەردەوام بێت و هیچ گرفتێكمان رووبەڕوو نەبێتەوە بۆ بەردەوامبون لە كارەكانمان وەرزشكردنمان، تاكو ئێستاش هیچ كەسێك هاوكاری ئێمەی نەكردووە وەكو پارەدان، ئێمەش پێویستمان بە هاوكارییە وەكو هەموو تیپەكانی دیكە، بۆیە بەهیوای ئەوەم هاوكاری یانەكەمان بكرێت كە تاكە یانەی دەڤەری بارزانین، لەو بڕوایەشم بتوانین لە یارییەكانی داهاتووی یانەكەمان بە هەر جۆرێك بێت، ئەنجامەكانمان باشتر بكەین و یاریزانانی تیپەكەمان لە پێكانیان چاك ببەنەوە، چونكە ئەمساڵ ئومێدی زۆرمان بە تیپەكەمان هەبوو، پاڕساڵیش كە تیپەكەمان دابەزی بۆ ریزی یانە پلە یەكەكانی ژمارەیەك لە یاریزانانی یانەكەمان چوونە ریزی یانەكانی دیكە، ئەوەش كاریگەری خۆی لەسەر ئێمە هەبووە، لە ئێستاشدا وەرزشكردن بۆتە پارە، یاریزانان مافی سرووشتی خۆیانە كە بڕی گرێبەستەكانیان وەربگرن، بەڵام ئێمە وەكو یانەكانی دیكە نەمانتوانیوە هی یاریزانانی خۆمان دابین بكەین، لەگەڵ ئەوەشدا لە هەوڵی خۆمان بەردەوام دەبین بۆ دابینكردنی ئەو بڕە گرێبەستانە بۆ ئەوەی ئەوانیش زیاتر خۆیان ماندوو بكەن و بتوانین بە هیواوە یارییەكانی دیكەی خولەكە ئەنجام بدەین .
Top