لە خولی تۆپی بالەی عێراق... شەقڵاوە سەركەوتنێكی نایابی بە دەستهێنا

لە خولی تۆپی بالەی عێراق... شەقڵاوە سەركەوتنێكی نایابی بە دەستهێنا
لە چوارچێوەی یارییەكانی قۆناغی كۆتایی خولی پلە نایابەكانی عێراق هەفتەی سێیەم لە هۆڵی داخراوی یانەی شەقڵاوە، هەردوو یانەی شەقڵاوە و پێشمەرگەی سلێمانی رووبەرووی یەكتربوونەوە.
پێش ئەم یارییە هەردوو یانە دوو یاریان ئەنجامدابوو، یانەی پێشمەرگەی سلێمانی توانی لە یانەی بەحری بباتەوە و لەگەڵ یانەی غاز جنوب تووشی شكست هات لە بەرانبەردا یانەی شەقڵاوە لە هەردوو یاری بەرانبەر بەحری و غاز جنوب تووشی شكست بوو.
لەم یارییەدا سەركەوتن بۆ هەردوو یانە گرنگ بوو بەتایبەتی یانەی شەقڵاوە، كە لەم یارییەدا هاندەرێكی یەكجار زۆر ئامادەبوون.
لە گێمی یەكەمی یارییەكەدا هەردوو یانە ئاستێكی بەرزیان پێشكەش كرد، بەڵام شەقڵاوەیەكان توانیان بە ئەنجامی (25-20) خاڵ گێمەكە لەبەرژەوەندی خۆیان تەواو بكەن.
لە گێمی دووەمدا هەمان سیناریۆی گێمی یەكەم دووبارە بوو و شەقڵاوە توانی بە ئەنجامی (25-20) خاڵ ئەم گێمەش بباتەوە و لە گێمی سێیەمەدا یاریزانانی شەقڵاوە ئاستێكی بەرزیان پێشكەش كرد و یارییەكەیان لە بەرژەوەندی خۆیان تەواو كرد و بە ئەنجامی (3-0) گێم توانیان سێ خاڵی گرنگ بە دەستبهێنن.
وا بڕیارە لە رۆژی (2015/2/1) لە هەفتەی چوارەمی خولەكەدا یانەی شەقڵاوە لە نێو هۆڵی خۆیدا میوانداری یانەی سەناعە بكات و یارییەكەش كاتژمێر 2 ئەنجام دەدرێت.
رێبین رەمزی
Top