نەورۆز بۆ قۆناغی دووەم خۆی بەهێز دەكات

نەورۆز بۆ قۆناغی دووەم خۆی بەهێز دەكات
بەمەبەستی بەهێزكردنی ریزی پێكهاتەی یانەكەی و بەدەستهێنانی ئەنجامی شایستەتر لە یارییەكانی قۆناغی دووەمی خولی نایابی یانەكانی كوردستان و كێبڕكێ لەسەر پلەكانی پێشەوەی خولەكە و بەردەوامبوون بۆ بەدەستهێنانی ئەنجامی باشتر لە یارییەكانی داهاتوو، دەستەی كارگێڕیی یانەی نەورۆز هەریەك لە یاریزانان (كەیوان محەمەد و مادۆمالیكی پیشەگەری سەنگیالی) هێناوەتە ریزی یانەكەی و لەسەرەتای دەستپێكی یارییەكانی قۆناغی دووەم ئەم یاریزانانە بە درێسی یانەی نەورۆز دەردەكەون. لەبارەی جێهێشتنی ریزی یانەی شێروانە و پەیوەندیكردنیان بە یانەی نەورۆز، كەیوان محەمەد بۆ گۆڤاری گوڵان گوتی: «ئێمە ئەم وەرزە چووبووینە ریزی یانەی شێروانە بەهیوای ئەوە بووین بتوانین ئەنجامی باش بۆ یانەكە بەدەست بهێنین، بەڵام نەگونجاین لەگەڵ یانەی شێروانە، بۆیە ریزی یانەكەمان جێهێشت، ئەم یانەش بۆ یاریزانانی دەرەوە هەندێك سەختە، جگە لەمنیش یاریزانی پیشەگەری سەنیگالی مادۆش ریزی یانەكەی جێهێشتووە و هەردووكمان بەیەكەوە بۆ ماوەی نیو وەرز بۆ قۆناغی دووەم پەیوەندیمان بە یانەی نەورۆزەوە كردووە، بەهیوای ئەوەین بتوانین ئاستی یانەی نەورۆز زیاتر بەرەو پێش ببەین و خزمەتی یانەكە بكەین. ئەوەشی خستەڕوو كە بڕی گرێبەستی مادۆ مالیك 11ملیۆن و خۆیشی 4ملیۆن دینارە لەگەڵ مووچەی مانگانە، گوتیشی: «دەستەی كارگێڕیی یانەی شێروانە زۆر توندن لەگەڵ یاریزانانی دەرەوەی شاری كەلار، بۆیە نەك ئێمە زۆربەی یاریزانەكانی دیكەش لەگەڵ یانەكە ئاسوودە نین، جگە لەمەش یانەكە نە شوێنی نانخواردنی هەبوو، نە شوێنی نووستن، ئەوەش چۆن دەبێت بۆ یاریزانێك كە لە دەرەوە هاتبێت بۆ یانەیەكی ئەو شارە یاری بكات؟»
Top