هەر چەندە ئەم وەرزە یانەی دهۆك لە پێشەنگی یانەكانی خولی باسكەی عێراقی هات بە هۆی بە دەستهێنانی ئەنجامی شایستە بە پشتبەستن بە چەندین یاریزانی پیشەگەری بیانی و ناوەخۆی عێراقی، بەڵام قەیرانی داراییەی تووشی یانەكە بوو، جگە لەوەش یانەكە خاوەن دەستەیەكی راهێنەری بەهێز بوو لەسەر ئاستی عێراق، بەڵام دوای ئەو قەیرانە داراییە یانەی دهۆك زیاتر دووچاری رووخان بوو، هەروەها دەستەی كارگێڕیی تیپەكە چالاكییەكانیان راگرت، بۆیە بەرپرسانی شارەكە تەنیا بەڵێنی هاوكاریكردنی تیپی تۆپی پێی یانەكەیان داوە و هاوكاری هیچ تیپێك دیكەی یانەكە ناكەن، بۆیە كاربەدەستانی یانەی دهۆك لە خولی باسكەی نایابی عێراقی پاشەكشەكردنیان پێباشتر بوو. لەم بارەشەوە محەمەد عەلی لە یانەی دهۆك بۆ گۆڤاری گوڵان گوتی: «ئێمە بەهۆی ئەو قەیرانە داراییەی كە ئەمساڵ دووچارمان هاتبوو، بۆیە هەفتەی رابردوو چالاكییەكانمان راگرت، بەڵام پارێزگاری دهۆك بەڵێنی هاوكاری بە ئێمەی داوە بۆ بەردەوامبوون لە خولەكانی كوردستان و عێراق، كەچی بۆ خولی باسكە دوای كۆبوونەوەمان لەگەڵ ئەنجومەنی پارێزگای دهۆك گەیشتینە ئەوەی كە ناتوانین بەشداری خولی باسكەی نایابی عێراق بكەین، چونكە ئەوان بە ئێمەیان گوتووە كە تەنیا هاوكاری تیپەكانی تۆپی پێی دەكەن، بۆیە ناتوانین بەشداری خولی باسكەی عێراق بكەین»، گوتیشی: «بە فەرمی نووسراوێكمان كردووە بۆ یەكێتیی ناوەندی تۆپی باسكەی عێراق بۆ ئاگاداركردنی ئەوان كە بەهۆی ئەو قەیرانە داراییەی تووشی ئێمە هاتووە ناتوانین بەشداری یارییەكانی خولی عێراقی بكەین.