هەردی عەلائەدین یاریزانی تێنسی سەرمێز: ئاستی ئەم یارییە لە كوردستان لاوازەو پێویستە گرنگی زیاتری پێبدرێت
دیمانە: كارزان كانەبی
* ئاستی یاریی تێنسی سەرمێز بەگشتی لە كوردستان و عێراق چۆن دەبینی ؟
- دەتوانم بڵێم ئاستی یاریی تێنسی سەرمێز بەرەو لاوازبوون دەچێت لە كوردستاندا، ئەمە لە كاتێكدا كە كوردستان لە تێنسدا خاوەنی هەموو ئەنجامە باشەكان بووە و ناوبانگی هەبووە لەو یارییەدا، بەڵام چەند ساڵێك دەبێت لە نازناوەكان دوور كەوتووەتەوە، بۆیە ئێستاش دەڵێم ئاستی یاریی تێنسی سەرمێز لە كوردستاندا لاوازە و گرنگیشی پێ نادرێ و بە پێچەوانەوە لە باشووری عێراق و ناوەڕاستیش بەرەو پێش دەڕوات.
* ئەمساڵ ئەنجامی باشتان بە دەست هێنا، هۆكاری بۆچی دەگەڕێتەوە؟
- ئەمساڵ توانیم پلەی یەكەمی خولی نایابی عێراقی بەدەستبێنم بۆ یانەكەم و بەشداریی پاڵەوانێتییی عەرەبیشم كرد لە وڵاتی مەغریب كە پێش چەند رۆژێك گەڕاینەوە، هۆكاری ئەنجامی باشمان بۆ ئەوە دەگەڕێنمەوە یانەكەمان گرنگیی زۆر بە یاریی تێنسی سەرمێز دەدات.
* هێنانی یاریزانانی پیشەگەر تا چەند سوودی بۆ وەرزشی كوردستان دەبێت ؟
- هێنانی یاریزانانی پیشگەر بێگومان ئاستی خولەكان بەرز دەكاتەوە، لە هەمان كاتیشدا زیانێكی زۆر دەگەیەنێت بە یاریزانان لە رووی بەشداری نەكردنی ئەوان لە پاڵەوانێتییەكەش، ئەوەش كاریگەری لەسەر یاریزانەكە دەبێت.
* چی بكرێت باشە بۆ بەرەوپێش بردنی ئەم یارییە و كۆسپەكانی بەردەمی چین؟
- بە بۆچوونی من تێنسی سەرمێز لەوپەڕی ئاست بەرزیدا بوو لە كوردستان، بەڵام بەهۆی پشتگوێخستنی یانەكان ئەو ئەنجامە باشانە دووركەوتەوە لە كوردستان، بۆیە داوا لە هەموو یانەكان دەكەم كە یاریی تێنسی سەرمێز پشتگوێ نەخەن، لە هەمان كاتدا قوتابخانەیەكی فێركاری دروست بكرێت تاكو ئەم یارییە بەرەو پێش بڕوات.
* بۆچی ئێستا ناتبینین لە یانەكانی كوردستان یاری بكەیت؟
- بەردەوامم و لە خزمەتكردن و لە بەدەستهێنانی ئەنجامی باش دانەبڕاوم لە یانەكان و ئەمساڵیش پلەی یەكەمم بەدەستهێناوە بەڵام لە یانە كوردییەكان تەنیا ئەوەیە دووركەوتوومەتەوە.
* بڕیارت نەداوە قوتابخانەیەكی پێگەیاندنی یاریی تێنسی سەرمێز لە شاری سلێمانی بكەنەوە ؟
-من ئەگەر لە توانامدا بێت، دەیكەم، بەڵام ئەم بڕیارە دراوە كە قوتابخانەیەكی فێركاری بكرێتەوە لە شارەكەمان كە جێگەی دڵخۆشییە و هیوادارم بە باشی بەڕێوە بچێت و خزمەتكردن بێت بۆ شاری سلێمانی، نەك خزمەتكردن بێت بە یانەیەك، چونكە ئەوە قوتابخانەیە بۆ شاری سلێمانی بڕیاردراوە، نەك بۆ یانەیە.
* كێشەوگرفتی سەرەكیتان لە یاریی تێنسی سەرمێز چییە؟
- كێشەو گرفت زۆرن، خزمەت نەكردن بەم یارییە لەلایەن بەرپرسیارانی تێنسی سەرمێزەوە و كاركردن تەنیا بۆ بەرژەوەندیی خۆیان كێشەی سەرەكین.
* بەرنامەت بۆ داهاتووی خۆت چییە ؟
- بەرنامەم زۆرە ئەگەر خوای گەورە تەمەنمان بدات، پارێزگاری كردن لەو ئەنجامانەی كە بەدەستم هێناون و خزمەتكردنی ئەم یارییە لە شاری سلێمانی خۆشەویست.
* بیرت لە كاری راهێنەرایەتی نەكردۆتەوە؟
- بەدڵنیاییەوە بیرم لێ كردۆتەوە، ئەگەر رێگەمان بدەن و خزمەتمان بكەن، منیش حەز بە خزمەتكردنی شارەكەم دەكەم.
* بۆچی زوو زوو یانەكەی خۆت دەگۆڕیت، هۆكاری چییە، ئایا بۆ پارە پەیدا كردنەـ یاخود بۆ شتی دیكەیە؟
- ئەگەر راستگۆیانە بدوێم، وەرزشكردن لە جیهاندا ئیشكردنە ئەو راستییەش روون و ئاشكرایە، من گرنگ ئەوەیە وەرزش دەكەم، ئیتر لە هەر جێگەیەك بێت و هەر یانەیەك بێت، گرنگ نییە، شانازیش دەكەم كە خزمەتێكی زۆری شاری سلێمانی و یانەی سلێمانیم كردووە و ساڵانێكی دوور و درێژ خزمەتم كردووە، رێزم بۆ هەموو ئەندامانی دەستەی یانەكەش هەیە.
* باشترین ئەنجامەكانت وەكو یاریزان چی بوون؟
- خاوەنی چەندین مەدالیای زێڕ و زیو و برۆنزیم لەگەڵ چەندین ئەنجامی پلەی یەكەم لەسەر ئاستی عێراق و كوردستان لەگەڵ یانەكان و هەڵبژاردەی عێراقی.
* ئێستا لەگەڵ هەڵبژاردەی عێراق نابیندرێیت ئایا بەردەوامی یان دوورخرایتەوە؟
- بەدڵنیاییەوە بەردەوامم لەگەڵ هەڵبژاردەی عێراق، لە كۆتایی پاڵاوتنی یاریزانان بۆ هەڵبژاردەی عێراق توانیم پارێزگاری لە شوێنی خۆم بكەم .
* ئەگەر لە كۆتایی شتێكت مابێت؟
- دەستخۆشی لە گۆڤاری گوڵانی خۆشەویست دەكەم كە بەردەوام هاوكارمانن بۆ ناساندنی یاریزانان وسوپاسی هەموو ئەو كەسانەش دەكەم كە رۆژێك لە رۆژان دەستیان گرتووم.
