راڤیالا نیهاد یاریزانی بالە: وەرزش باشترین رێگەیە بۆ ئەوەی ئافرەتان تواناكانی خۆیان دەربخەن

راڤیالا نیهاد یاریزانی بالە: وەرزش باشترین رێگەیە بۆ ئەوەی ئافرەتان تواناكانی خۆیان دەربخەن
یانەی ئەكاد هەموو ساڵێك لە وەرزی هاویندا ژمارەیەكی زۆر لە یاریزانان كۆدەكاتەوە بۆ ئەوەی لە قوتابخانەی خۆی یاریزانان پێبگەیەنێت بۆ تیپەكە لە تیپە جۆراوجۆرەكانی یانەكە و پێشەنگ بووە لە دروستكردنی چەندین یاریزانی بەتوانا لەسەر ئاستی عێراق و كوردستان بۆ تیپەكانی یانەكەی، تیپی لاوان و تازە پێگەیشتووانی بالەی یانەی ئەكاد هەمیشە بەوە بەناوبانگ بووە لەسەر ئاستی عێراق و كوردستان كە ژمارەیەك یاریزانی بەتوانای بەرهەم هێناوە، یەكێك لەم كچە یاریزانانەی كە پاشەڕۆژێكی پرشنگدار چاوەڕوانیەتی، كچە یاریزان راڤیالا نیهاد لەدایكبووی ساڵی 2001ی شارۆچكەی عەنكاوەیە، ئەو قوتابییە و لە هەمان كاتیشدا یاریی تۆپی بالە دەكات، ئێمەش لەنزیكەوە ئەم دیمانەیەمان لەگەلی ئەنجامدا.

* چۆن بوو لە ناو ئەم هەموو یارییە وەرزشییە ئەم یارییەت هەڵبژارد؟
-ئەوەی راستی بێت یاریی بالە یەكێكە لەو یارییانەی كە خەونی من بووە، ئێستاش خۆشبەختانە لە نێوان ئەم هەموو یارییە توانیم توانا و ئاستی خۆمی لێ ببینمەوە.
*چۆن بوو هاتییە ریزی یانەی ئەكاد؟
- عەنكاوە شاری خۆمە و شوێنی لە دایك بوونمە، یانەی ئەكادیش یەكێك بووە لەو یانانەی كە بەردەوام یاریزانی بەهرەمەند پێدەگەیەنێ، ئێستاش بە خۆشحاڵییەوە منیش یاریزانی ئەو یانەیەم.
*ئاستی یاریی بالە بە شێوەیەكی گشتی لە شارەكانی كوردستاندا چۆن دەبینی؟
- ئاستی ئەم یارییە زۆر باشە لە رووی گرنگیدان بە یارییەكە، بەڵام پێویستە زیاتر گرنگی بە كردنەوەی خول بدرێت بۆ یاریزانانی ئاستەكانی بچووك، بەتایبەتی لە لاوان و تازەپێگەیشتووان بۆ ئەوەی زیاتر پێش بكەون، چونكە بە ئەنجامدان و كردنەوەی خولی بەردەوام ئەم یارییە زۆر پێش دەكەوێ.
* چی بكرێت باشترە بۆئەوەی ئاستی ئەم یارییە لە كوردستان زیاتر پێشبكەوێت؟
- دەبێت زیاتر گرنگی بدرێت بە یاریزانەكانی تەمەنە بچووكەكان و بەردەوام قوتابخانەی پێگەیاندنی یاریزانان بكرێتەوە، هۆڵی زیاتر بۆ ئافرەتان بكرێتەوە بۆ ئەوەی زیاتر پەرە بەتوانای خۆیان بدەن، چونكە ئێستا زۆربەی یانەكان هۆڵی تایبەتیان نییە بۆ ئەوەی پەرە بە ئاستی خۆیان بدەن.
*كێشەو گرفتان چییە لە یانەی ئەكاد؟
-لێرەوە سوپاسی دەستەی كارگێڕیی یانەكە و دەستەی راهێنەران دەكەم كە بەردەوام هاوكارمانن لە پێگەیاندنی یاریزانان، ئەوان هۆكار بوون كە رێگەیان نەداوە یاریزانەكان كێشەیان هەبێت.
*بۆچی ئافرەتان لە كوردستان كەمتر روو لە وەرزش دەكەن؟
- زۆر جار ئافرەت حەز دەكات وەرزش بكات، بەڵام رەنگە رێگریی لێ بكرێت لە رووی وەرزشەوە، هەروەها زۆرجار كۆمەڵگە ئافرەتی وەرزشكار بە چاوێكی كەم سەیر دەكات، بەڵام ئێمە بەردەوام پشتیوانی و هاوكاری دەكرێین لەلایەن خانەوادەكەمان، بۆیە لێرەوە سوپاسیان دەكەین.
*پەیامت چییە بۆ ئەو ئافرەتانەی كە وەرزش ناكەن؟
_ئەگەر دەیانەوێ لەشساغ وئاسوودە بن، با وەرزش بكەن. وەرزش باشترین رێگەیە بۆئافرەتان بۆ ئەوەی بتوانن تواناكانی خۆیان دەربخەن.
*هیواو ئاواتت وەكو كچە یاریزانێك؟
- بەهیوای ئەوەم لەگەڵ یانەی ئەكاد بتوانم لە پاڵەوانێتییەكان بەشداری بكەم و ناوی خۆم و یانەكەم بەرز بكەمەوە لە رێگای یاری بالەوە.
*هیچ كات رێگریت لێ نەكراوە لەلایەن خانەوادەكەت لە وەرزشكردن؟
- زۆریش هاوكاریم دەكەن ئاست بەرزیم بۆ پاڵپشتی ئەوان دەگەڕێتەوە كە بەردەوام هاوكارمن، ئەوان زیاتر خزمەتمان دەكەن بۆ ئەوەی بتوانین بگەینە ئاستێكی بەرز.
*دەستەی كارگێڕیی یانەكە هاوكاری بەردەوامتان دەكەن؟
-بێگومان هیچ كات كەمتەرخەمییان نەكردووە، هەمیشە پاڵپشتی ئێمە بوون لە وەرزشكردنمان.
* خوێندن نەبۆتە هۆكاری رێگە گرتن لە وەرزشكردنت؟
- تاكو ئێستا رێگەم نەداوە ببێتە كۆسپ، چونكە بەرنامەیەكی باشم داناوە بۆ ئەوەی لە یەك كاتدا بەسەر هەردووكیان سەربكەوم.
*لە كۆتاییدا ئەگەر شتێكت مابێت دەتوانی باسی بكەیت؟
_ سوپاسی گۆڤاری گوڵان دەكەم كە بەردەوامم هاوكاریی یاریزانان دەكەن، بەبێ جیاوازیی ئەوان هۆكار بوون بۆ ئەوەی ئەو یاریزانانەی نەناسراون، بناسرێن.
Top