ئەستێرەیەكی هەولێر پۆستێكی وەرزشی وەرگرت

ئەستێرەیەكی هەولێر پۆستێكی وەرزشی وەرگرت
بەپێی چەند سەرچاوەیەكی باوەرپێكراو، لە ئێستاوە كار لەسەر دروستكردنی نوێنەرایەتی هەولێر-ی لێژنەی ئۆڵۆمپی كوردستان دەكرێت بەمەبەستی رێكخستنی كار و چاڵاكییەكانی لقەكانی یەكێتیە وەرزشیەكانی سەر بە پارێزگای هەولێر و ئەو نوێنەرایتیە شانبەشانی نوێنەرایتیەكانی كەركووك و سلێمانی و دهۆك نوێنەری یەكێتیە وەرزشیەكان بێت لە لێژنەی ئۆڵۆمپی كوردستان.
بۆ ئەم مەبەستە ئەستێرەی تۆپی پێی شاری هەولێر و هەڵبژاردەی عێراق كامیران محەمەد دەستنیشانكراوە بۆ ئەوەی ببێتە سەرۆكی نوێنەرایەتی لێژنەی ئۆڵۆمپی هەولێر.
بە پێی چەند سەرچاوەیەك راگەیاندنی فەرمی ئەم نوێنەرایەتیە لە چەند رۆژی داهاتوو ئاشكرا دەبێت، بەڵام دەستبەكاربوونی كامەران محەمەد یەكلابێتەوە و لە رۆژانی رابردوو چەند كۆبوونەوەیەك ئەنجامدراوە بەمەبەستی دەستنیشانكردنی جێگر و سكرتێر و ئەمینداری دارایی نوێنەرایتیەكە.
جێگەی باسە كامەران محەمەد، ئەستێرەی پێشوو و كاپتنی یانەی هەولێر بوو لە تۆپی پێ، كە لە سەرەتای هەشتاكان تا سەرەتای نەوەدەكان لە یانەی هەولێر یاریی كرد، یەكێك بوو لە نەوەی زێڕینی یانەی هەولێر، كە لە ناوەڕاستی هەشتاكاندا بانگهێشتی هەڵبژاردەی لاوانی عێراق كرا و بەشداریی پاڵەوانیەتییەكانی دەرەوەشی كرد،
بەڵام بە هۆی ئەوەی كورد بوو، لە سەردەمی بەعسی ڕووخاودا لە تیپەكە دوورخرایەوە. هاوكات جگە لە یاریكردن لە یانەی هەولێر، لە ساڵانی 1995 و 1996 لە یانەی ئاسۆ وەكو یاریزان و ڕاهێنەریش بەردەوام بوو لە وەرزش.
كامەران ماوەی 17 ساڵە لە ئەڵمانیا دەژیت.
رێبین رەمزی
Top