یاریزانانی یانەی هەولێر ریزی یانەكە جێناهێڵن

یاریزانانی یانەی هەولێر ریزی یانەكە جێناهێڵن
سەرباری ئەو قەیرانە داراییەی كە رووی لە هەرێمی كوردستان كردووە، یاریزانانی عەرەبی یانەكانی كوردستان داوای پارەی خۆیان دەكەن و هەڕەشەی جێهێشتنی یانەكانیش دەكەن، بەردەوام دەنگۆی ئەوەش بڵاو دەبێتەوە لە نێوەندی شەقامی وەرزشی كە ژمارەیەك لە یاریزانانی یانەكە بەهۆی پێنەدانی بڕی گرێبەستەكانیان داوای وەرگرتنی مۆڵەتی گواستنەوەیان كردووە بۆ ئەوەی بچنە یانەیەكی دیكە بۆ درێژەدان بە كاروانی وەرزشی خۆیان، بەڵام تاكو ئێستا یاریزانان لە زاری خۆیان هیچ شتێكیان نەدركاندووە، رۆژانەش سەرقاڵی ئەنجامدانی یەكە مەشقییەكانن. هەر لەو بارەیەوە عومەر سەلیم سەرپەرشتیاری تیپی تۆپی پێی یانەی وەرزشی هەولێر بۆ گۆڤاری گوڵان گوتی: «ئەو قسانەی دەكرێ هیچ شتێكی راستی تێدا نییە، چونكە سەرجەم یاریزانان لەگەڵ یانەی هەولێر بەردەوامن لەگەڵمان، ئێمەش رۆژانە مەشقەكانی خۆمان ئەنجام دەدەین و ئەوانیش بە هیچ جۆرێك باسی رۆیشتنیان نەكردووە لەسەرگرفتی دارایی، بەڵام ئەوان داوای پارەی گرێبەستی خۆیان دەكەن، ئەوەش مافێكی سروشتییە، چونكە یاریزانە كوردەكانیش رۆژانە باسیدەكەن، بەڵام وەكو رۆیشتن هیچ كەسێك بە فەرمی داوای لە ئێمە نەكردووە و ئەو قسانە تەنیا پروپاگەندەیە دەیانەوێ بەم شێوەیە فشارمان لەسەر دروست بكەن»، گوتیشی: «جارێك كاتی رۆیشتنی یاریزانان نەهاتووە، ئەوە لە كاتی گواستنەوەی زستانە دەكرێ، ئەوان هەموویان پەیوەستن بە یانەی هەولێر و خۆشحاڵن بە یاریكردن لە ریزی یانەی هەولێر، بەتایبەتی یاریزانە عەرەبەكان ئەوان هەموو لەگەڵ هەولێرن، ئێمەش لە هەر كاتێك بتوانین ئەوە تەواوی گرێبەستی ئەوان دابین دەكەین و مانگانەش مووچەكانیان دابین دەكەین».
Top