لەگەڵ ئەوەی یانەی دهۆك لە ئێستا قەیرانێكی خراپی دارایی رووی لە یانەكە كردووە، هەر بەم هۆیەشەوە زیاتر لە 12 یاریزانی یانەكەی ریزی تیپەكەیان جێهیشتووە، جگە لەوەش دەستەی كارگێڕی بەهۆی داواكردنی بڕی گرێبەستەكەی باسم قاسمی راهێنەری یانەكەشی لە پۆستی راهێنەرایەتی یانەكە دوورخستۆتەوە، بۆیە یانەكە بەناچاری پشتی بە تواناكانی حازم ساڵحی راهێنەری خولی كوردستانی یانەكە بەستووە بۆ ئەوەی بتوانێ ئاستی تیپەكە رابگرێت لە خولی عێراقی كە ئێستا پێشەنگی یانەكانی گرتووە، بۆ شوێنی یاریزانە عەرەبەكانیش یانەكە لەمەودوا پشت بە تواناكانی یاریزانانی كورد دەبەستێ، لەم بارەشەوە محەمەد عەلی راگەیاندنی یانەی وەرزشی دهۆك بۆ گۆڤاری گوڵان گوتی: «بەهۆی ئەو قەیرانە داراییەی كە دووچارمان هاتووە، هیچ شتێكیش نەماوە كە ئێمە بیكەین بۆ ئەوەی تیپەكەمان هەڵستێنینەوە، بۆیە دوای جێهێشتنی 12 یاریزان و راهێنەری یانەكەمان، ئێمە بە ناچاری پشتمان بە یاریزانانی كوردی یانەكەمان بەستووە، لەگەڵ ئەوەشدا حازم ساڵح راهێنەری خولی كوردستان تیپەكە بەڕێوەدەبەن»، گوتیشی: «ئێمە ئێستا پارەیەكی وامان بە دەستەوە نییە كە بتوانین یاریزانانی عەرەبی و بیانی بهێنین، بۆیە زیاتر پشت بە كوردەكانی خۆمان دەبەستین، ئەوان یانەی خۆیانە و دڵسۆزن بۆ شارەكەیان لە یاریی رابردووشمان بەرامبەر یانەی نەجەف ئاستیان بەرز بوو.