قەیوان مەعروف: بە ئاواتەوەم تیپێكی بالەی كچانمان هەبێت لەسەر ئاستی وڵاتان یاری بكات

قەیوان مەعروف: بە ئاواتەوەم تیپێكی بالەی كچانمان هەبێت لەسەر ئاستی وڵاتان یاری بكات
قەیوان لە دایكبووی ساڵی 1990ـە و دەرچووی پەیمانگەی وەرزشییە و یەكێك لە یاریزانە بەتواناكانی یاریی تۆپی بالەیە لە شاری سلێمانی و لەسەر ئاستی كوردستان و عێراقیش خاوەن تایبەتمەندیی خۆی بووە، قەیوان پێشتر لە هەریەك لە یانەكانی چوارقوڕنە و رانیەی دەروازە یاری كردووە، دواتر رووی لە یانەی پێشمەرگەی سلێمانی كردووە، پێشتریش لەگەڵ یانەكان چەندین ئەنجامی بەرچاوی بەدەستهێناوە. ئێمەش لە نزیكەوە چەند پرسیارێكمان ئاراستەی كرد.

* بۆچی یاریی بالەت هەڵبژارد؟
-چونكە هەر لە منداڵییەوە خولیای ئەم یارییە بووم بە شێوەیەكی زۆر، دەتوانم بڵێم كچان بە شێوەیەكی گشتی حەز بەم یارییە دەكەن.
*ئاستی یاریی بالە لە شارەكانی كوردستاندا چۆن دەبینی؟
-تا رادەیەك باشە، بەڵام ئاستی كوڕان باشترە لە ئاستی كچان، چونكە كچان لە كوردستان پشتگوێ خراون.
*بە بۆچوونی تۆ چی بكرێت باشە بۆ ئەوەی ئەم یارییە پێشبكەوێت و پەرەی زیاتری پێبدرێت؟
- هاوكاریی یانەكان بكرێت بۆ ئەوەی فێرگەیەك لە ئاستی منداڵان بكەنەوە، چونكە ئەم یارییە پێویستی بە بناغە هەیە بۆ ئەوەی لەسەرەتاوە تەمەنە بچووكەكانیش فێری ئەم یارییە ببن بە مەرجێك راهێنەرێكی شارەزایان هەبێت.
*ئەی لەسەر ئاستی شاری سلێمانی لە چ ئاستێكدایە؟
- تا رادەیەك باشە، دوو تیپی بالەی كچان هەیە لە شارەكەمان كە نوێنەرایەتیی شاری سلێمانی دەكەن لە پاڵەوانێتییەكان ئەوەش جێگەی دەستخۆشییە.
*كێشەو گرفتتان لە یانەی پێشمەرگەی سلێمانی چییە؟
-تەنیا یانەی پێشمەرگە نا، بەڵكو هەموو یانەكان لە ئاستی كچان كەمتەرخەمن، بە داخەوە كچان پشتگوێ خراون ئەوەش كێشەكەیە.
*بۆچی ئافرەت لە شارەكانی كوردستان كەم بەشداریی وەرزش دەكات؟
-هۆكارەكەی دواكەوتنی كۆمەڵگەیە،چونكە زۆربەی تاكەكانی كۆمەڵگە هۆشیار نین دەربارەی وەرزش، بۆیە رێگە بە كچان نادەن بێنە نێو بواری وەرزشییەوە .
*پەیامت چییە بۆ ئەو كچانەی وەرزش ناكەن؟
-من بەو كچانە دەڵێم ئەوانەی ئارەزووی وەرزشیان هەیە با حەزەكانیان پشتگوێ نەخەن و وەرزش بكەن و بۆ گەیشتن بە ئامانجەكانیان زیاتر هەوڵبدەن.
*هیواو ئاواتت وەكو كچە یاریزانێك چییە؟
-وەك كچە وەرزشكارێك هیوام وایە رۆژێك دابێت كوردستان تیپێكی كچانی هەبێت لەسەر ئاستی وڵاتان یاری بكات، منیش یەكێك بم لەم كچانە.
*ئایا لە هەڵبژاردەی عێراق داوا كراویت؟
-نەخێر تاكو ئێستا داوا نەكراوم .
* كردنەوەی یەك پاڵەوانێتی لە ساڵدا تا چەند دەبێتە هۆی پێشكەوتنی ئەم یارییە؟
- بێگومان یەك پاڵەوانیەتی هیچ سوودێكی نییە، ساڵێك مەشق دەكەی، جاری وا هەیە پاڵەوانێتییەكە بەڕێوەناچێت، یان دوادەخرێ، ئەوەش وا لە یاریزان دەكات كە بێ هیوا بێت.
*بۆ ئایندەی خۆت بەنیازی چیت؟
-ئایندەی من تەنیا وەرزشە و بەردەوام دەبم لە وەرزشكردن لە بواری خۆم كە مامۆستام خزمەت بە وەرزش دەكەم، رەنگە هەنگاوی تریش بهاوێم، بەڵام جارێك دیار نییە.
*جگە لە یاریی تۆپی بالە چ یارییەكت ئەنجامداوە؟
- یاریی دیكەشم ئەنجامداوە، وەكو یارییەكانی(تۆپی دەست، گۆڕەپان و مەیدان، تۆپی پێ)، بەڵام ماوەی 12 ساڵە یاریی بالە دەكەم و ئێستاش لەم یارییە بەردەوامم.
*وەرزش و پیشەكەت وەك مامۆستا تا چەند پێكەوە گرێدراون؟
- من مامۆستای وانەی وەرزشیم و ئەوەش سوودی زیاترە بۆ من كە بەردەوام بم بۆ ئەوەی لەسەر یاریی بالە زانیاری زیاتر بە قوتابییان بدەم.
* هیچ یانەیەك داوای لی نەكردیت بۆ ئەوەی یاری بۆ بكەیت؟
- بەڵێ چەند یانەیەك هەبووە، بەڵام من لە یانەی پێشمەرگە ئاستم باشە و لەم یانەیە سەركەوتوو دەبم.
*لە كۆتاییدا ئەگەر شتێكت مابێت باسی بكە؟
-سوپاس بۆ ئێوەی بەڕێز، هیوادارم بەردەوام گرنگی بە تواناكانی یاریزانانی كچ بدەن لە یانەكان بۆ ئەوەی پەیامی خۆیان بگەیەنن.
Top