چۆنیەتی چارەسەركردنی قەیرانی دارایی یانەكان

چۆنیەتی چارەسەركردنی قەیرانی دارایی یانەكان
لە ژمارەی رابردوو گۆڤاری گوڵان باسی كێشە و گرفتەكانی بەشێك لە یانەكانی كوردستانمان كرد، كە بەهۆی قەیرانی دارایی كشانەوەی خۆیان لە خولەكانی كوردستان و عێراق راگەیاندووە یاخود هەندێكیش بیر لە كشانەوە دەكەن بەهۆی ئەم بارودۆخە، كە ئێستا بەسەر هەرێمی كوردستان تێپەڕ دەبێت، رەنگە زۆربەی یانەكان پشتیان بە پاڵپشتی دارایی حكوومەتی هەرێمی كوردستان دەبەست، ئەمەش هەڵەیەكی گەورەی یانەكان بوو، كە لە چەند ساڵی رابردوو نەیانتوانی ژێرخانێكی ئابووری پتەو بۆ خۆیان دروست بكەن، تاوەكو لە كاتی تەنگانە سوودی لێوەربگرن، بۆیە بە پێویستی دەزانم چەند چارەسەرێكی خێرا بۆ ئەم بارودۆخەی ئێستا یانەكان بخەمە روو بۆ ئەوەی سوودی لێوەربگرن.
ئا: رێبین رەمزی

سپۆنسەر
یەكێكە لە ئامڕازە هەر گرنگەكان، كە یانەكانی جیهان پشتی پێی دەبەستن بۆ بەڕێوەبردنی چالاكییەكان، سپۆنسەر چەند جۆرێكی هەیە، یانەكان دەتوانن بە پێی پەیوەندییەكانی خۆیان سپۆنسەرێك بدۆزنەوە بۆ ئەوەی ببێتە سپۆنسەری سەرەكی یانەكە لە گشت پاڵەوانێتیەكان، كە بەشداری تیادا دەكات بە پێی نرخێك، كە هەردوو لا رێكدەكەون لە بەرانبەردا لۆگۆی كۆمپانیەكە لەسەر درێسی یانەكان دابندرێت ئەمەش دەبێتە قازانجی دوو لایەنە، یانیش هەندێك یانە هەیە چەند یارییەك لەم یانەیە ئەنجام دەدرێت، دەتواندرێت بۆ هەر یارییەك سپۆنسەرێك بدۆزێتەوە بۆ ئەوەی هەموو یارییەكان سوودمەند بن، لە ساڵانی رابردوو، كە رێژەی بوونی كۆمپانیاكان لە كوردستان كەم بوو، بوونی سپۆنسەر رۆڵێكی باڵای هەبوو، بەڵام ئێستا بە پێچەوانەوە كە ژمارەی كۆمپانیاكان لە كوردستان زیادی كردووە، كەچی هیچ لەم كۆمپانیانە سپۆنسەری یانەكان ناكەن، هەروەها حكوومەتی هەرێمی كوردستان دەتوانێت رۆڵێكی لەم بابەتە هەبێت بۆ ئەوەی پاڵەپەستۆی دارایی لەسەر كەم بێتەوە خۆی هاوكاری یانەكان بكات لە دۆزینەوە سپۆنسەر.
ریكلام كردن
ریكلام كردن بەشێكی تری درووست بوونی سەرچاوەی داراییە بۆ یانەكان، كە ئەو جیاوازی هەیە لەگەڵ سپۆنسەر، ئێستا زۆربەی یانەكانی كوردستان لە زۆربەی یارییەكان خاوەن یاریگا و هۆڵی داخراون، بۆیە دەتوانن لە كاتی بەڕێوەچوونی یارییەكانی خولەكان سوود لە بوونی ریكلام وەربگرن، چونكە زۆربەی كۆمپانیاكان ئێستا پێویستیان بە ریكلام هەیە، بۆیە دانانی ریكلام-ی كۆمپانیاكە لە هۆڵی داخراو یاخود لە یاریگاكان لە هەمان كاتدا ژمارەیەكی زۆری كەناڵەكانی راگەیاندن ئامادە دەبن دەبێت هۆكارێك بۆ ناساندنی كۆمپانیا بە خەڵك یاخود جەماوەری وەرزشی ئامادەبوو، بۆیە ئەم لایەنە لە زۆربەی یانەكانی كوردستان فەرامۆش كراوە ئەوەیش بۆ چۆنیەتی بیركردنەوەی ئەندامەكانیان دەگەڕێتەوە، چونكە ئەم لایەنە لە كاتێكی كەم قازانجێكی زۆری دارایی بۆ یانەكان دەبێت.
كڕین و فرۆشتنی یاریزان
ئێستا یانەكانی كوردستان بە كێشەیەكی هەرە گەورە تێپەڕ دەبن، جگە لە كێشەی دارایی، ئەوەیش رۆیشتنی یاریزانە لە یانەكە، بۆ نموونە یانەی بچووك هەیە لەم كوردستانە بەهۆی نەبوونی بودجە یاخود كێشەی دارایی هەوڵ دەدات خۆی یاریزان درووست بكات، بەڵام ئەم یاریزانە لە یەكەم یاری لە خولەكان ئاستێكی بەرز پێشكەش دەكات راستەوخۆ یانەكە جێدەهێڵێت و دەچێتە یانەیەكی تر بە گرێبەستێكی گرانبەها بە بێ ئەوەی یانەكەی خۆی لێی سوودمەند بێت، بۆیە ئێستا لە سیستەمی پیشەگەری لەسەر ئاستی جیهان لە هەموو یارییەكان بە بێ جیاوازی، یانەكان كاتێك، كە یاریزانێك لە تەمەنێكی بچووك دەدۆزنەوە ئەم یاریزانە درووست دەكەن پاشان گرێبەستێكی درێژ خایەنی لەگەڵ مۆر دەكەن، هەر كاتێك ئەم یاریزانە گرێبەستی گرانبەهای بۆ هات لە یانەیەكی تر ئەوە بەپێی گرێبەست یانەكەی خۆشی لێی سوودمەند دەبێت، بەڵام یانەكانی كوردستان تەنیا بۆ ماوەی یەك وەرز گرێبەست لەگەڵ یاریزان مۆر دەكەن پاشان یاریزانەكە ئازاد دەبێت بچێتە هەر یانەیەكی تر.
بۆیە یانەكان بۆ ئەوەی سەرچاوەیەكی دارایی بۆ خۆیان درووست بكەن پێویستە لەگەڵ مۆر كردنی گرێبەست لە 3 تا پێنج ساڵ كەمتر نەبێت تاوەكو بتوانێت لە داهاتوو ئەم یاریزانە بە نرخێكی گونجاو بفرۆشێتە یانەیەكی تر، ئەگەر لە هەر ساڵێك سێ تا 4 یاریزان بفرۆشێت ئەوە داهاتێكی باشی دەبێت بۆ بەڕێوەبردنی یانەكە.
بلیتی یاریگا
ئێستا كێشەی هەرە گەورە لە یانەكانی كوردستان ئەوانی خاوەن جەماوەرن، هاتنە ژوورەوە بۆ گشت یارییەكان بەخۆڕاییە، ئەمەش كێشەیەكە پێویستی بە چارەسەر كردن هەیە، دەكرێت یانەكان خۆیان جەماوەر فێرە شتێك بكەن، كە چۆن یارمەتی یانەكەیان دەدەن ئەوەیش ئامادەبوون بۆ نێو یاریگا بە كڕینی بلیت، فرۆشتنی بلیتی یاریگا داهاتێكی باشی بۆ یانەكان دەبێت بەتایبەتی ئەوانەی خاوەن جەماوەرن، كە زۆربەی یانەكان لە شارەكانی كوردستان خاوەنی جەماوەرێكی زۆرن و رێژەیەكی زۆریان لە نێو یاریگا ئامادە دەبن بەهەمان شێوە لە یارییەكانی نێو هۆڵەكانی داخراو، بۆیە دەبێت یانەكان زیاتر بە شێوەیەكی پیشەگەر بیربكەنەوە ئەم دیاردەیە لە نێو یاریگاكانی كوردستان نەهێڵن.
فرۆشتنی كەلوپەلی تایبەت بە یانە
لەسەر ئاستی جیهان یانەكان هەر چۆنێك بێت هەوڵ دەدەن داهات بۆ خۆیان پەیدا بكەن، ئێستا گرنكترین كار، كە یانەكان پشتی پێ دەبەستن فرۆشتنی درێسی یاریزانان و پێداویستیەكانی یانەكە، كە داهاتێكی یەكجار زۆر بۆ یانەكە دابین دەكات بە تایبەتی یانە گەورەكان، بەڵام لە كوردستان بەداخەوە یانەكان بەهیچ شێوەیەك بیریان لەم جۆرە شتە نەكردۆتەوە، كە رەنگە قازانجێكی باشی هەبێت و هەروەها جەماوەریش لە یانەكە نزیك دەكاتە و لە رێگەی هۆشیاركردنەوەیان، كە بە كڕینی كەلوپەلێكی تایبەت بە یانەكە دەبێتە هۆكاری چارەسەركردنی قەیرانی دارایی یانەكە، هەموو یانەكان دەتوانن لە رێگەی كردنەوەی دووكانێكی بچووك لە تەنیشت یاریگا درێسی یاریزانەكان بە ژمارە و ناوی یاریزانەكە و هەروەها پێداویستیەكانی تر وەكو تۆپ و قەڵەم و ملوانكە و ملپێچ و تراكسود.. هتد بە لۆگۆی یانە دروست بكرێت بە نرخێكی گونجاو بفرۆشێت.
VIP
ئێستا لە یانە گەورەكانی كوردستان، كە خاوەن یاریگای گەورەن دیاردەیەكی سەیر درووست بووە، ئەوەش هەموو كەسێك دەتوانێت بچێتە شوێنی (VIP) بە خۆڕایی بە بێ ئەوەی سوودی لێوەربگرێت، لە جیهان وا باوە ئەم جۆرە سیستەمە نەماوە، كە هەموو یانەكانی جیهان لە شوێنی (VIP) بۆ هەموو كەسێك كراوەیە، بەڵام بە پارە.
كاتێك یانەكە دەرگای فرۆشتنی كورسییەكی (VIP) دەكاتەوە بۆ وەرزێك، هەموو ئەو كەسانەی كە یانەكەیان خۆش دەوێت یاخود پیاوی بازرگان بە نرخێكی گونجاو ئەم كورسیە بۆ ماوەی وەرزێك دەكڕنەوە، ئەمەش دەبێتە داهاتێكی باش بۆ یانەكە، ئەگەر هەر چ نەبێت بۆ چاككردنەوەی كەم وكوڕییەكانی یاریگا سوودی دەبێت و هەروەها یانە بچووكەكانیش دەتوانن سوود لەم جۆرە كارە وەربگرن بۆیە لێرەوە پێشنیار دەكەم، كە لە داهاتوو ئەم جۆرە بیرۆكەیە جێبەجێ بكەن تاوەكو بتوانن داهات بۆ خۆیان دابین بكەن.
لە كۆتاییدا ئەگەر هاتوو یانەكان نەیانتوانی سوود لەم جۆرە بیرۆكەیە وەربگرن بۆ دابینكردنی داهات بۆ خۆیان، پێشنیارێك دەخەمە بەردەم حكوومەتی هەرێمی كوردستان وەكو بیرۆكەیەكی سەرەتا هەوڵ بدرێت یانە گەورەكانی كوردستان لە شارەكاندا ئەوانی خاوەن ئەنجامن لە گشت یارییەكاندا، هەر یانەیەك بخرێتە سەر ئەستۆی وەزارەتێكی حكوومەتی هەرێمی كوردستان لە رێگەی ئەم وەزارەتە دەتواندرێت یانەكە بەڕێوەبچێت ئەمە پلانەش بە شێوەیەكی كاتی جێبەجێبكرێت، تاوەكو یانەكان ژێرخانی ئابووری خۆیان پتەو دەكەن دواتر بە چەند رێگایەك سیستمی پیشەگەری لە نێو وەرزشی كوردستان جێبەجێ بكرێت.
Top